بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی جەدە، بە ئاماژە بە مێژووی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لە لایەن ئەمریکاوە وەک یەکەم وڵاتی بەکارهێنەری ئەو چەکە کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوە، دەستێوەردانی بەردەوام لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە، داگیرکاری و دەسدرێژی سەربازی، فرۆشتنی بەکۆمەڵی چەک و پەرەپێدانی سیاسەتی سەربازی لە ناوچەکە، وتی: ئەمریکا جارێکی دیکە بە پشت بەستن و پەیرەوکردنی سیاسەتی شکستخواردووی دژایەتی ئێران، هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە و خوڵقاندنی قەیرانی نوێ دەدات.
ناوبراو جەختی لە سەر سیاسەتی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کەڵک وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای ئاشتیخوازانەی ناوەکی لە چوارچێوەی یاسا و پێودانە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوون بە بەردەوامی دانوستانەکان بۆ هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکان کردەوە و وتی: تۆمەت و درۆکانی ئەمریکا سەبارەت بە پلانی ناوەکیی ئاشتیخوازانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و چاپۆشیی ئەم وڵاتە لە چەندین دەیە فێڵ و درۆی ڕژێمی زایۆنیستی وەک ڕژێمی نائەندام لە ڕێکەوتنی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ و خاوەنی گەورەترین یەدەکی چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو لە ناوچەکە، پیشاندەری سیاسەتی دووڕوویی و دوو فاقیی کۆشکی سپی و حکومەتی ئەمریکایە.
کەنعانی لە کۆتاییدا جەختی لە سەر سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پێشوازی لە وتووێژ لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان لە ناوچەکە کردەوە و وتی: چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ناوچەکە لە وەڵامی بانگهێشت و دەستپێشخەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وتووێژ و هاوکاری ناوچەیی، هەنگاوی کاریگەر لە بەرژەوەندی ئاسایشی گشتی، ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتنی هاوبەش هەڵبگرن./.