بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەمال خەڕازی بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە ڕێکەوتن و بەیاننامەی قودس بابەتێکی نوێ نییە و ئەنجامێکی بە دواوە نابێت.
ناوبراو وتی: پێشوازی لە لێدوانی بەرپرسانی سعوودیە بۆ درێژکردنەوەی دەستی دۆستایەتی بە ڕووی ئێراندا دەکەین و ئامادەشین پەیوەندییەکان وەک ڕابردوو ئاسایی بکەینەوە، ئێران و سعوودیە دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکەن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان دەگاتە گۆڕانکاریی گرنگ لە ناوچەکە.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران وتی کە باسکردن لە ناتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندە گرنگیی نییە و سعوودیە باسیکردووە کە وەها پرۆژەیەک لە ئارادا نییە.
خەڕازی وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی لە قۆناغی لاوازیدایە و پاڵپشتی جۆبایدن لەم ڕژێمە کاریگەرییەکی نابێت.
ناوبراو وتی: ئەگەر ئاسایشی ئێران لە وڵاتانی دراوسێوە بکرێتە ئامانج، وەڵامی ئەو وڵاتانە و هەروەها وەڵامی ڕاستەوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی دەدەینەوە.
وتیشی کە تەنیا ڕێگاچارەی قەیرانەکانی ناوچەکە، پێکهێنانی کۆڕێکی وتووێژی ناوچەیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکانە، قەتەر لەم بوارەدا پێشنیاری گرنگی داوە و ئێمەش ئامادەیی خۆمان ڕاگەیاندووە./.