بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل جۆبەیر وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی سعوودیە لە چاوپێکەوتنی کەناڵی CNN و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تەل ئەبیب، وتی: سعوودیە پرۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل هەیە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لە سەرەتا و کۆتاییدایە.
ناوبراو وتی کە بڕیاری ژمارەیەک لە وڵاتان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی ڕێکەوتن لە گەڵ ئیسرائیل، بڕیار و دەسەڵاتی خۆیانە و هیوادارین کە ئەو بڕیارانەش کاریگەری ئیجابیی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا هەبێت.
جۆبەیر وتی کە بوونی پەیوەندیی سعوودیە و ئیسرائیل بەندە بە جێبەجێکردنی پرۆژە پێشنیارەکەی ڕیاز کە پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین لە ناوچە داگیرکراوەکان بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات لە خۆ دەگرێت.
وتیشی کە بەردەوام جەختمان لە سەر ئەم بابەتە کردووەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بە سەردا نەکراوە.
وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی سعوودیە وتی کە بوونی پەیوەندی و ئاشتی لە گەڵ ئیسرائیل بژاردەیەکی ستراتیژییە بەڵام دەبێت پێش ئەوەش هەلومەرجەکەی دابین بکرێت و بە بێ جێبەجێکردنی ڕێگاچارەی دوو وڵاتی، پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ڕیاز و تەل ئەبیب بوونی نابێت./.