دارا سێکانیانی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، وتی: ئێستا لە کاتەکانی کۆتایی ئەو بارودۆخەداین کە زلهێزان لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی وڵاتانی ناوچەکە و دابەشکردنیان لە نێوان براوەکانی شەڕدا پلانیان بۆ داڕشتووە و تا ئێستاش وڵاتانی ناوچەکە باجی ئەو جۆرە داگیرکارییە دەدەن.
ناوبراو وتی: ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە و پێویست بە نەخشە و پلانی نوێ هەیە لە لایەن زلهێزەکانەوە بە تایبەت لە پاش شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئەمریکا و ئەورووپا بە دوای سەرچاوەیەکی نوێی وزەدا دەگەڕێن و شەڕی ئێستاش شەڕی بەرژەوەندی زلهێزەکانە لە سەر حسێبی گەلانی دیکە.
دارا سێکانیانی وتی: بەداخەوە کە ئەو وڵاتانە هێشتا لە خەمی پاراستن و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان نە ک پاراستنی بەها جوانەکانی ئائینی، مرۆڤایەتی و کەلتوری و تا ئێستاش بەو هۆیەوە پێناسەیەکی ڕوونیان بۆ تیرۆر و تیرۆریستان نەبووە بەڵکوو هەرچی لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بگونجێت بە لای ئەوانەوە باشە و خەباتی ئازادییە و ئەوەش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بێت بە دەیان تۆمەتی بۆ دادەتاشن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: پێویستە گەلانی ناوچەکە بە گشتی و سەرکردەی وڵاتان بە تایبەت زۆر ووشیارانە بیر لەوە بکەنەوە کە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندی گەلانی خۆیان بێت نەک وڵاتانی زلهێز.
ناوبراو وتی: بە دڵنیاییەوە کە شێوازی ململانێکان گۆڕاوە و دەتوانین بڵێین کە بەداخەوە هێز تەفسیری یاسا و بەرژەوەندییەکان دەکات نەک ئەوەی کە یاسا تەفسیری هێز بکات.
وتووێژ: کامەران کەریم