بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی پێنج شەممە 14 ی تەمموزی 2022 لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەیاننامە هاوبەشەکەی جۆبایدن و یائیر لاپید، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: لەو بەیاننامەیەدا جەخت لە سەر بەڵێن و سیاسەتی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی و زاڵبوونی لە ڕووی سەربازییەوە کراوەتەوە. بە هەڵە تێنەگەن، ئامانج تەنیا ئێران نییە، بەڵکوو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەبێت بەردەوام ئەو زاڵبوونەی ڕژێمی زایۆنیستی قبووڵ بکەن، هەر بۆیە سەرچاوەی سەرەکیی هەڕەشە بۆ ناوچەکە بە تەواوی ڕوونە.
کەنعانی هەروەها ڕایگەیاند: تا ئەو کاتەی کە حکومەتی تەزویری ئیسرائیل وێستگەی یەکەمی سەردانی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکایە و ئامانجی یەکەمیشی پاراستن و زاڵکردنیە بە سەر ناوچەکەدا، گەلان و وڵاتانی ناوچەکە ناگەنە ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیری. کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایشی دراوسێکان بە ئاسایشی خۆی دەزانێت./.