بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بیست و هەشتەمین وێستگەی سەردانە ناوخۆییەکانیدا ئەمڕۆ پێنج شەممە 14 ی تەمموزی 2022 گەیشتە شاری کرماشان.
ناوبراو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کرماشان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە کرماشان بەردەوام لە هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاسایشی سنورەکانی دابین کردووە و ئەمڕۆ خەڵکی وڵات بە گشتی خۆیان بە قەرزداری خەڵکی کرماشان دەزانن کە گیانفیدایانە و سەرکەوتووانە لە هەشت ساڵ شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی سەدام لە دژی ئێران لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە و هەروەها دژبەرانی شۆڕش بە تایبەت مونافقەکان خۆڕاگرییان کرد.
ڕەئیسی وتی کە پارێزگای کرماشان نزیکەی 10 هەزار شەهید و زیاتر لە 20 هەزار کەمئەندامی لەو شەڕەدا هەبووە کە پیشاندەری ئامادەبوونی خەڵکەکەیە لە گۆڕەپانی هەشت ساڵەی بەرەڤانی پیرۆز.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە کرماشان بە هۆی دراوسێبوونی لە گەڵ عێراق دۆخێکی لەباری بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری هەیە./.