بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی جزیرە لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە پەیامێکی فەرمییان گەیاندووەتە ئەم وڵاتە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەوان بەشداری لە هیچ هاوپەیمانییەکی دژ بە ئێراندا ناکەن.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە پاراستنی ڕژێمی زایۆنیستی و ناساندنی ئێرانە وەک دوژمنی وڵاتانی ناوچەکە.
ڕاشیگەیاندووە کە پرۆژە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی بایدن ناتوانێت ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی دابین بکات.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە کە ئێران وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بە توندی دەداتەوە و ئەمریکاش ئاگاداری ئەم بابەتەیە.
بەرپرسە ئێرانییەکە پابەندبوونی تارانی بە وتووێژی ناوچەیی بۆ دابینکردنی ئاسایشی گشتی بە بێ بوونی بێگانەکان دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئێران درێژە بە پاڵپشتی لە خۆڕاگری فەڵەستین دەدات و بایدن و حکومەتەکەی دەبێت ڕاستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرچاو بگرن./.