بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 13 ی تەمموزی 2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کاردانەوەی بەرپرسانی ئەمریکا لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی، وتی: ئەمریکییەکان دەڵێن کە ئێران دەبێت بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە، لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی قەد لەو ڕێکەوتنە نەکشاوەتەوە و ئەوە ئەمریکایە کە بەڵێنەکانی پێشێل کردووە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ نەک تەنیا بۆ وڵاتانی ئەورووپی وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە دانوستانەکان، بەڵکوو بۆ سەرجەم گەلانی جیهان بووەتە جێی پرسیار کە بۆ ئەمریکییەکان پشتیان لە بەڵێنەکانی خۆیان کرد و لەو ڕێکەوتنە کشانەوە؟
ڕەئیسی بە ئاماژە بە سزاکانی ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران، وتی: ئەمریکییەکان بەردەوام ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە سزاکانی دژ بە ئێران لە مێژووی سەپاندنی سزاکانی واشنتن بە سەر وڵاتانی دیکەدا کەم وێنە بووە، لە کاتێکدا کە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە گوشارەکان کاریگەرییان نەبووە و شکستیان هێناوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا سەبارەت بە سەردانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، وتی: ئەگەر هاتووچۆی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەکە لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە بێت، هەوڵەکانی ئەوان بە هیچ شێوازێک بۆ زایۆنیستەکان ئاسایش دابین ناکات.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بەرامبەر بە ئەمریکییەکان وتی: ئەگەر دەتانەوێت بزانن کە هاتووچۆ و هەوڵەکانی ئێوە لە ناوچەکە چ کاریگەرییەکی هەبووە، بە چاوی کراوە هەڵوێستی گەلانی ناوچەکە ببینن کە نەفرەتی ئەوان لە ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی زیاتر بووە./.