بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” رای الیوم ” لە وتارێکی شیکاریدا لە نووسینی لیوای خانەنشینی ئەردەنی ” بەسام ڕوبین “ سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکای بۆ ناوچەکە تاوتوێ کردووە.
لەو نووسینەدا هاتووە: ئەمریکا بەردەوام و لە خاکی وڵاتانی عەرەبییەوە بەڵێنی خۆیی بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی دووبارە کردووەتەوە و تەنانەت گرنگیشی بە گەلان و حکومەتەکانی ناوچە نەداوە و وەک کۆیلە سەیری کردوون. سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە وەفای خۆیان بۆ ڕژێمی ئیسرائیل بسەلمێنن، سەردانەکەی بایدنیش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم پێناوەدایە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا دەزانێت شێوازی یارییەکەش بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، سیاسەتی سعوودیە و ئیمارات بەرەو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە کە ئەمریکا لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوو دیاریی کردووە، دەڕوات و ئەمەش پلانەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکای دژوارتر کردووە و ڕەنگە ئەو دیارییەی کە مەبەستیەتی ڕادەستی زایۆنیستەکانی بکات، بۆی مسۆگەر نەبێت.
وڵاتانی عەرەبی هیچ بەرژەوەندییەکیان لەو هاوپەیمانییەدا نییە کە ئیسرائیل بەشێکی بێت، ئیسرائیل دوژمنی ژمارە یەک و مێژوویی گەلانی موسڵمانە، هۆکارەکانی کاریگەر لە سەرکەوتنی ئەم هاوپەیمانییە لە دیاریکردنی ڕاسپاردەکان، ئامانج و ڕێکەوتنی هاوبەشە و ئەستەمە کە وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی ئیسرائیل لە سەر ئەم دوو خاڵە بگەنە ڕێکەوتن، بە تایبەت ئەوەی کە لە جیهانی ئەمڕۆدا هێماکانی شکستی ئەمریکا زیاتر دەرکەوتووە، بۆ نموونە، ئەوەی کە بەرامبەر هێرشەکانی یەمەن لە سعوودیە و ئیمارات یان بەم دواییانەش لە دۆسیەی ئۆکرانیا بینراوە. سعوودیە و ئیمارات ناتوانن ئاسایشی نیشتمانی و ئابوریی خۆیان بۆ ڕەزامەندی ئەمریکا و بەرگری لە ڕژێمی ئیسرائیل بخەنە مەترسییەوە.
پاش هەوڵەکانی ئیسرائیل و کێشە خستنە بەردەم دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و پلانی ئەمریکا بۆ دانانی وڵاتانی عەرەبی وەک قووڵایی ستراتیژیی ئیسرائیل وەک ڕژێمێکی داگیرکاری نایاسایی، جێگیرکردنی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی لە وڵاتانی عەرەبی، مەترسیی زۆر و کاریگەری نەرێنیی بۆ ئەو وڵاتانە بە دواوە دەبێت، ئەمە پێشێلکردنێکی ئەمنییە و تەنانەت ئاسایشی نیشتمانی عەرەبی ڕوبەڕوی مەترسی دەکاتەوە و ڕەنگە ئەو پلانەی کە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات هێرشی سەر ئێرانە لە ڕێگای یەکێک لەم وڵاتە عەرەبییانە بە بێ ئاگادارییان و بە دڵنیاییەوە کە کاردانەوەی ئێران لە بەرامبەر سەرچاوەی هەڕەشەکە توند دەبێت، ئەمریکا و ئیسرائیل وەک هەمیشە بێدەنگ دەبن و ڕووخان و کەوتنی عەرەبەکان و موسڵمانان لە ئەنجامی ئەم پیلانە شەیتانییەی خۆیان دەبینن.
بەم هۆیەوە وەک شرۆڤەکارێک پێم وایە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا پاش کەوتنی بۆریس جۆنسۆنی هاوپەیمانی لە بەریتانیا بە بێ هیچ دەسکەوتێک دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی. ڕەنگە بایدن نەتوانێت ئەو دیارییەی بە ئیسرائیلیش بدات، واتە بەرفراوانکردنی بازنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ تەل ئەبیب، هاندانی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی نەرێنی لە دژی ڕووسیا و بوونی وڵاتانی عەرەبی بە قووڵایی ستراتیژیی ڕژێمی ئیسرائیل لە پێناو دژایەتی ئێران، حەماس و حزبوڵڵای لوبنان./.