بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی زایۆنیستیی هائارێتس لە ژمارەی سێ شەممە 12 ی تەمموزی 2022، وێڕای دانپێدادان بە نزیکبوونەوەی نێوان سعوودیە و ئەو ڕژێمە، ڕایگەیاند کە شازادە بەندەر بن سوڵتان سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری سعوودیە، ئەندازیاری پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تەل ئەبیبە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەش، بەندەر بن سوڵتان ساڵانێک لە گەڵ سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و دەزگای هەواڵگری مۆساد و هەروەها لە گەڵ ئیهۆد ئۆڵمێرت و بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی چاوپێکەوتنی هەبووە، هەرچەندە کە پێشنیارەکانی بن سوڵتان تا ئێستاش لە سەر کاخەز ماوەتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی جەدە و سەردانی بەرپرسانی ئیسرائیل و چەشنێک لە نزیکبوونەوەی ڕاستەقینە لە نێوان تەل ئەبیب و ڕیاز.
هائارێتس لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ساڵانێک بەر لە ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زایۆنیستی ئاشکرای کردبوو کە نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل لە سەرەتای دەیەی 80 ی سەدەی ڕابردوو دەستیپێکردووە و یەکەم نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییەش، خستنەڕووی چەند پلان و پێشنیارێکی سعوودیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین – ئیسرائیل لە بەرامبەر بە فەرمی ناسینی تەل ئەبیب لە لایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بووە.
یوسی میڵمان شرۆڤەکاری کاروباری هەواڵگری لەو لێکۆڵینەوەدا ئاشکرای کردبوو کە بەندەر بن سوڵتان سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری سعوودیە ئەندازیاری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و تەل ئەبیب بووە. چاوپێکەوتنەکانی ناوبراو لە ساڵی 2007 لە گەڵ ئۆڵمێرت سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها چاوپێکەوتنی موئیر داگان سەرۆکی پێشووتری مۆساد لە گەڵ بەرپرسانی سعوودیە هەر لەم پێناوە و بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ئێران بووە.
بەندەر بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز ئالی سعوود لە مانگی ئاداری ساڵی 1949 لەدایکبووە، ناوبراو لە ساڵانی 1983 تا 2005 وەک باڵیۆزی سعوودیە لە ئەمریکا چالاکیی کردووە، ڕەنگە بتوانین بڵێین کە هیچ باڵیۆزێکی عەرەبی هێندە بن سوڵتان بەسراوەی واشنتن نەبووە، ئەو بۆ ماوەی 23 ساڵ وەک باڵیۆزی سعوودیە لە ئەمریکا بووە و لەو ساڵانەشدا پەیوەندییەکی زۆری لە گەڵ لۆبی زایۆنیستی هەبووە. بەندەر بن سوڵتان لە 16 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2005 لە لایەن عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز شەشەم پاشای سعوودیە وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەم وڵاتە دەستنیشان کرا./.