بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە وتارە ڕۆژنامەییەکەی ئەم دواییەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا و پڕوپاگەندەی هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک ئاشتی و سەقامگیریی دەبێت کە ئەمریکا کۆتایی بە سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان وڵاتان و هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ناوچەکە بێنێت و ڕێز لە سەروەری و دەسەڵاتی وڵاتان بگرێت.
ناوبراو وتی: دەبێت ئەمریکا واز لە سیاسەتی پاڵپشتیکردن لە ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی بێنێت، تا ئەو کاتەی ئەمە سیاسەتی ئەمریکا بێت، بەرپرسی سەرەکیی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە شانازیکردنی بایدن بە لەناوبردنی داعش، وتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری پێشوو و وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا پێچەوانەی ئەوەیە کە بایدن باسی دەکات، بە بۆچوونی ئەوان ئەمریکا بەرپرسی سەرەکی پێکهێنانی داعش لە ناوچەکە بووە، بەدەر لەمەش تیرۆری شەهید سولێمانی وەک قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆریزم، گەورەترین هاوکاریی ئەمریکا بۆ تیرۆریستانی داعشی و تەکفیری لە ناوچەکە بووە./.