گێڕانەوەیەکی کۆنی عەرەبی کە بەردەوام لای عەرەبەکان باس دەکرێت دەڵێت ” کالمستجیر من الرمضاء الی النار ” واتە وەک ئەو عەرەبەیە کە لە ترسی گەرما خۆی فڕێ دایە نێو ئاگرەوە.
چیرۆکەکەی ئەوەیە کە کەسێکی عەرەب لە گەرمای کەم وێنەی جزیرەی عەرەب لە گۆشەیەکی بیابانەکەدا ئاگرێک دەبینێت و خۆی فڕێ دەداتە نێو ئاگرەکەوە تا لە گەرماکە ڕزگاری ببێت بەڵام بە شێوازێکی دڵتەزێن لەو ئاگرەدا دەسووتێت.
ئەو کەسە عەرەبە سادەیە ئەوەی بیستبوو کە نەمرود پاشای ستەمکاری بابل، حەزرەتی ئیبراهیمی پێغەمبەری خستووەتە ئاگرەوە بەڵام ئەو ئاگرە بووە گوڵستان.
ئەم چیرۆکەش هاوشێوەی ئەو هەڵسووکەوتەیە کە لە هەندێک سەرکردەی ڕژێمە عەرەبییەکانی باشوری کەنداوی فارس دەبینرێت کە لە ژێر گوشارەکانی ئەمریکا و هەڵمەتی دژ بە ئێرانی میدیاکانی ئەو وڵاتە و ڕژێمی زایۆنیستی، فریوی پیلانگێڕیی ئابراهامیان خواردووە و بە بێ هیچ پاساوێکی قبووڵکراو پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە.
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند ڕژێمێکی عەرەبی و ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە زایۆنیستەکان بەردەوامن لە درووستکردنی شارۆچکە لە ناوچە داگیرکراوەکان و هەروەها کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین.
ئیمارات و بەحرەین پێشەنگی ئەم پەیوەندییە سیاسییەن و سعوودیەش کەوتووەتە سەر ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و بەمەش ئەڵقەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەو ڕژێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواو دەبێت.
ئەو وڵاتانە لە چاوەڕوانی سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکەن تا زنجیرەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە پێی پێوەر و سیاسەتەکانی ئەمریکا و لە چوارچێوەی پلانی پێکهێنانی ناتۆی عبری – عەرەبی لە دژی بەرەی خۆڕاگری تەواو بکەن.
پێدەچێت کە سەردانەکەی جۆبایدن بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکردەی شەش وڵاتی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە گەڵ میسر، ئەردەن و عێراق گرنگییەکی زۆری دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئامانجی ئەمریکا ڕزگارکردنی ڕژێمی زایۆنیستییە لە قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەکان و هەروەها پەراوێزخستنی ئێران و بەرەی خۆڕاگری.
بابەتێکی دیکەی گرنگ لە سەردانەکەی بایدن بۆ سعوودیە، شەرعییەتدانە بە دەسەڵاتەکەی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بۆ گەیشتن بە لوتکەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، لە بەر ئەوەی کە سەلمان بن عەبدولعەزیز توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی نەماوە.
ئەو پەیامە ئەرێنییەی کە ماوەیەکە لە لایەن ڕیازەوە ئاراستەی تاران کراوە و بووە هۆی بەڕێوەچوونی پێنج گەڕی دانوستانەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بەغدا، وایکردووە کە بن سەلمان هەست بەوە بکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات پەراوێزێکی ئەمنی ناوچەیی دەوێت.
ئاگربەستی تاکلایانەی سعوودیە لە شەڕی حەوت ساڵەی لە دژی خەڵکی هەژاری یەمەن وەک بەشێک لە سیاسەت و تەکتیکی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بە شێوازی کاتی لە لایەن بن سەلمانەوەیە، لە بەر ئەوەی کە هەوڵ دەدات خۆی وەک کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و میانەڕۆ لای ڕای گشتی جیهان بناسێنێت.
محەممەد بن سەلمان پاش دەرکردنی فەرمانی تیرۆری دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودیە لە تورکیا و دەستبەسەرکردنی بێهۆی زیاتر لە 400 شازادە و زانای وڵاتەکەی کە بە توندی دژی سیاسەتەکانی ناوبراون، لە ڕووی سیاسییەوە پەراوێز کەوتووە.
لە ئێستادا تێڕوانینێکی جیهانی لە سەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ سعوودیە هەیە کە بە ئامانجی دووبارە پەیوەندیی لە گەڵ محەممەد بن سەلمان (بکوژەکەی جەمال خاشقچی) و پێکهێنانی بەرەیەکی عبری – عەرەبی لە دژی ئێران و بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە دەکرێت.
بەڵام بۆچوونێک هەیە کە عێراق وەک وڵاتێکی کاریگەری هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەکە بە دڵنیاییەوە دژی پێکهێنانی ناتۆیەکی عبری – عەرەبییە بۆ دژایەتی ئێران و بەرەی خۆڕاگری، هەر بۆیە ئەگەری پێکهێنانی وەها هاوپەیمانییەک سەرکەوتوو نابێت.
لە کەشێکی وەهادا وڵاتانی عەرەبی باشوری کەنداوی فارس بە دڵنیاییەوە هەڵەی ئەو کەسە عەرەبە کە لە ترسی گەرماوە خۆیی خستە نێو ئاگرەکەوە، دووبارە ناکەنەوە و ئەو وڵاتانە فریوی پیلانگێڕیی ئاشتی ئابراهام ناخۆن.
حەسەن هانیزادە – شرۆڤەکاری باڵای نێودەوڵەتی