بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەدڕەزا پورئیبراهیمی سەرۆکی لێژنەی دارایی و ئابوریی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەفتەی داهاتوو بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تاران و وتی کە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابورییەکانی ئێران و ڕووسیا بەرنامەی سەرەکیی هەر دوو سەرۆک کۆمار دەبێت.
ناوبراو وتی: ڕووسیا زیاتر لە جاران هەوڵی جیدی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ ئێران دەدات.
پورئیبراهیمی وتی: پاش سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕووسیا و ئەو ڕێکەوتنانەی کە لەو سەردانەدا واژۆ کرا، کەشێکی ئەرێنی بە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ بە تایبەت پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکاندا زاڵ بووە.
سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی ئێران وتی کە سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە دژی ڕووسیا، هاندەری پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ ئێران دەبێت.
هەر دوو سەرۆک کۆماری ئێران و ڕووسیا 30 ی حوزەیران ی 2022 لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ناوچەی خەزەر لە تورکمانستان کۆبوونەوە./.