بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشیر عومەر یەکێک لە بەرپرسانی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی ئار تی دۆخی مەترسیداری مرۆڤیی لە یەمەن ڕاگەیاند و وتی کە دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە زیاتر لەوەیە باسی دەکرێت بە شێوازێک کە دوو لە سەر سێی دانیشتووانی ئەم وڵاتە دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە تەندرووستییەکان ناگات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت یەمەن لەم دۆخەدا بە تەنیا نەهێڵن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە نزیکەی لە سەدا 66 ی حەشیمەتی 30 ملیۆن و 500 هەزار کەسیی یەمەن دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە تەندرووستییەکان ناگات و ئەوانەش کە پێویستیان بە چاودێریی پزیشکی هەیە، بۆ گەیشتن بە لە سەدا 51 ی ناوەندە تەندرووستییە چالاکەکانی ئەم وڵاتە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە قەیران و مەترسییەکە بە تایبەت لە نێو ژنان و منداڵانی یەمەن زیاتر دەبینرێت و هەر دوو کاتژمێر دایکێک و 6 منداڵی یەمەنی گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە لەو 4 ملیۆن و 200 هەزار کەسەی کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەن لە ساڵی 2014 ئاوارە بوون، لە سەدا 73 ی ئەوان ژنان و منداڵانن./.