بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێحسان عەبدولجەبار ڕایگەیاند کە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نایاساییە و دەچێتە چوارچێوەی بە قاچاخبردنی نەوتەوە.
ناوبراو وتی: حکومەتی عێراق بە نووسراوی فەرمی هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی چالاک لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان و لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی، لە دژی ئەو 17 کۆمپانیایەی لە هەرێم چالاکی دەکەن هەنگاوەکانی دەست پێدەکات.
وەزیری نەوتی عێراق وتی: سەرەتا نامەیەک بۆ ئەوان دەنێرین کە ئەم کارەی ئێوە وەک قاچاخی نەوتە.
ئێحسان عەبدولجەبار وتی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سیاسی نییە هەرچەندە لە قۆناغێکی هەستیاری سیاسیدا دەرکراوە و دادگای بازرگانی عێراقیش لەم ڕۆژانەدا چەندین بڕیاری سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و 4 گرێبەستی بە نایاسایی ناو بردووە و 17 ی تەمموزیش سەبارەت بە 3 گرێبەستی دیکە بڕیار دەدات.
وتیشی کە کۆی گشتی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان 17 گرێبەستە کە لە گەڵ کۆمپانیاکانی ئیمارات، چین و ڕووسیا واژۆ کراوە./.