بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەردانی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی بۆ ئامانجە جیاجیاکان و بە شێوازی جۆربەجۆر بووە بەڵام سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی جۆبایدن بۆ ئەم ناوچەیە بە گشتی لە ژێر کاریگەری قەیرانی سیاسی ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە پەیوەندیشی بە قەیرانی ئۆکرانیا و نرخی نەوتەوە هەیە.
گۆڤاری فۆرن پۆلیسی شیکارییەکی لە سەر سەردانەکەی بایدن بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەدەر لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن، ڕۆژئاوای ئاسیا بووەتە شوێنی دۆڕانی بیر و بۆچوونەکانی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا و حکومەتەکەی بایدن بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو هەوڵی دوورکەوتنەوەی لێی داوە بەڵام لە ئاکامدا قەیرانی وزەی ڕۆژئاوا بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و هەڵئاوسان و بەرزبوونەوە نرخی بەنزین لە ئەمریکا، بایدنی ناچار بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکە کردووە.
جۆبایدن بڕیارە هەفتەی داهاتوو سەردانی فەڵەستینی داگیرکراو، کەرتی خۆرئاوا و سعوودیە بکات. ناوبراو لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە گەڵ یائیر لاپید سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ڕژێمی زایۆنیستی و بنیامین نتانیاهۆ سەرۆکی بەرەی نەیاران کۆدەبێتەوە و پاش سەردانەکەی بۆ کەرتی خۆرئاوا لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس (بەحرەین، کوێت، عۆمان، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات) لە گەڵ میسر، عێراق و ئەردەن لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە جەدە ئامادە دەبێت.
جۆبایدن هەروەها بڕیارە لە دژوارترین بەشی سەردانەکەی خعی کە کۆشکی سپی هەوڵیداوە وەک وەڵامی بانگهێشتەکەی مەلیک سەلمان بن عەبدولعەزیز شای 86 ساڵەی سعوودیە ناوی ببات، بگاتە ڕیاز. لەو سەردانەدا سەرجەم سەرجەم تێڕوانینەکان لە سەر کۆبوونەوەکەی بایدنە و محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و دەسەڵاتداری ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە کە بایدن لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە هۆی کوشتنی دڕندانەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودیە بەڵێنی پەراوێزخستنی دابوو.
کۆشکی سپی کە سەرەتا حاشای لە بەرنامەی کۆبوونەوەکەی بایدن و بن سەلمان دەکرد، لە ئاکامدا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ سعوودیە لە گەڵ جێنشینی ئەم وڵاتە کۆدەبێتەوە بەڵام جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە دووقۆڵی نییە و بایدن لە گەڵ مەلیک سەلمان و تیمەکەی کۆدەبێتەوە کە بن سەلمانیش یەکێک لەوانە.
وزە، یەکەم ئامانجی سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە
بە هۆی ئەوەی کە شەڕی ئۆکرانیا بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەمریکا، بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت کەوتووەتە ڕیزی یەکەم ئامانجەکانی سەردانەکەی بایدن بۆ سعوودیە، هەرچەندە ناوبراو و یاریدەدەرەکانی دان بەوەدا نانێن کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بۆ سعوودیە وزەیە.
بەرپرسانی کۆشکی سپی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بایدن لە سەردانەکەی سعوودیەدا ئامانجێکی گەورەی هەیە و وزە تەنیا یەک لەو ئامانجانەیە، وەک پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن، ڕوبەڕوبونەوەی ئێران و پەرەپێدانی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.
بایدن لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە سعوودیە، تەنانەت پێش پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکە، هەوڵی ئەوەیداوە سەردانەکەی زۆر گەورە و بەربڵاوتر پیشان بدات و ئاماژەی بە ئیسرائیل و ئاشتی لە ناوچەکە داوە. ناوبراو 13 ی حوزەیران بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە سەردانەکە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە بابەتی گەورەتری وەک وزەوە هەیە. ڕۆژی دواتر کۆشکی سپی بە فەرمی ڕایگەیاند کە بایدن لە نێوان 13 تا 16 ی تەمموز سەردانی فەڵەستینی داگیرکراو و سعوودیە دەکات.
حکومەتەکەی بایدن ڕەنگە لە ئاسانکاریی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە هەندێک سەرکەوتن بە دەست بێنێت بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجە گەورەکەی ئەو لە شوێنی دیکەیە. ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئەوەی کە دەبێت لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا وەریبگرن، پێی دەگەن بەڵام لەوەش دڵنیان کە پێگە سیاسییەکەی بەرەو دابەزین دەڕوات و هەوڵی ئەوە دەدەن ترەمپ یان کەسێکی هاوشێوەی بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا بگەڕێتەوە.
بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ساڵی 2020 دانوستانی لە سەر کرا، گرووپی وڵاتانی وەبەرهێنەری نەوت ناسراو بە ئۆپێک پڵەس کە سعوودیە و ڕووسیاش لە خۆ دەگرێت، بە دابەزاندنی ڕێژەی وەبەرهێنان، کەمبوونەوەی نرخی نەوتیان بە هعی کۆرۆناوە پێچەوانە کردەوە بەڵام ئەو کەمبوونەوە بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و سزاکانی ڕووسیاوە ڕوبەڕوی بەرزبوونەوەی خواستی کڕینی نەوت بووەتەوە، لە ئەنجامی ئەمەش نرخی وزە ڕووی لە زیادبوون کرد و لە ئەمریکا هەڵئاوسانی زیاتر کرد و ئەمەش پێگەی سیاسی بایدنی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە خستە ژێر کاریگەرییەوە، بەم دۆخەوە بایدن ناچارە ڕوو لە سعوودیە بکات.
بە بۆچوونی شارەزایان، وەبەرهێنانی نەوت و زیاترکردنی ڕێژەکەی، یەکەم ئامانجی سەردانەکەی بایدن بۆ سعوودیە دەبێت لە بەر ئەوەی کە بەرزبوونەوەی کەم وێنەی نرخی بەنزین زیانی بە پێگە سیاسییەکەی لە ئەمریکا گەیاندووە.
ئیسرائیل و سعوودیە لە لاوازبوونی پێگەی دیمۆکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم تێدەگەن و لەوەش ئاگادارن کە ڕەنگە بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024 لە ئاستی ناوخۆیی ئەو حزبەدا هەندێک کێشە ڕوو بدات، هەر بۆیە هێندە هەوڵی هاوکاریکردنی حکومەتەکەی بایدن نادەن. پێشبینی دەکرێت ڕیاز و ئەبوزەبی خواستی کشانەوەیان لە ئۆپێک پڵەس نەبێت و پەیوەندی خۆیان لە گەڵ ڕووسیا هەیە و نایانەوێت بکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەم دۆخەوە.
مافی مرۆڤ بووەتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
بایدن کە لە کۆتایی ساڵی 2019 بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی بەڵێنی پەراوێزخستنی ڕیازی لە دۆسیەی خاشقچی دابوو، ئێستا جارێکی دیکە بۆ مانەوەی لە کۆشکی سپی ناچار بووە واز لە بانگەشەی مافی مرۆڤیی خۆی بێنێت.
بایدن پێچەوانەی بەڵێنەکانی سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هەڵسووکەوت دەکات و ئەمەش لە ئەمریکا بووەتە بابەتێکی ئاسایی. بۆ ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا بتوانێت دەسەڵاتدارانی سعوودیە بەرەو زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت و خستنە بازاڕی هان بدات، دەبێت واز لە پرسی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەم وڵاتە بێنێت.
بایدن دەیەوێت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئیسرائیل، زیانەکانی هاوڕێبوونی لە گەڵ محەممەد بن سەلمان قەرەبوو بکاتەوە.
پێکهێنانی هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە شکست دێنێت
جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە لە سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە چەندین پرسی وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران قسەی لە سەر دەکرێت.
بەنی گانتس وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستیش چەند مانگ پێش ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی ئابراهام لە گەڵ ئیمارات پاشکۆیەکی ئەمنیی هەیە کە تێکەڵکردنی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە خۆ دەگرێت.
واشنتن 40 ساڵە بۆ سیستەمی بەرگری یەکگرتووی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس هەوڵ دەدات بەڵام بە کردەوە بۆی جێبەجێ نەکراوە، لە سەردەمی باراک ئۆباما کۆبوونەوەی ناوبراو و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 2015 و لە کەمپ دەیڤید بڕیاریدا کە ئەم پلانە بەدەر لە ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت بەڵام ئەوەش بە کردەوە شکستی هێنا.
ئەگەرچی کە ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات ڕێکەوتنێکی فەرمی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی ڕێگریی لە هێرشەکانی ئێران کردووە بەڵام سەرچاوەکانی کۆنگرێس هێندە دڵنیاییان نییە. ئەگەر یەکگرتنی بەرگری ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەقینە بێت، دوایین هەوڵی ئەمریکایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی فەرمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوایین نموونەی ئەمەش ساڵی 2017 کاتێک کرا کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاگەیاند کە ئامانجەکەشی ئەندامبوونی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، ئەردەن، میسر و ئەمریکا لە ژێر چەترێکی ئەمنیدا بوو.
لە ئەنجامدا سەرجەم هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا ڕوبەڕوی کێشە و بەربەستی جیدی بوونەوە و بە کردەوە شکستیان هێنا، ئەمجارەش بایدن سەرکەوتوو نابێت./.