بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پۆلیسی ژاپۆن ناسنانەی کەسێکی تەمەن 41 ساڵەی ئاشکرا کردووە کە ڕۆژی هەینی 8 ی تەمموزی 2022 بە چەکێکی دەستکرد شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەی تیرۆر کرد، ئەو کەسەش ناوی تتسۆیا یاماگامییە.
ناوبراو لە لێپرسینەوەکاندا بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە کە شینزۆ ئابێ پەیوەندیی بە ڕێکخراوێکی تایبەتەوە هەبووە و بەم بۆنەوە ڕقی لێی هەبووە و ڕەهەندی سیاسی نەبووە.
میدیاکانی ژاپۆن و میدیا نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیەکیان بە ناوی ئەو ڕێکخراوە تایبەتەوە نەداوە. ڕۆژنامەی نیۆیۆرک پۆست ڕایگەیاندووە کە پۆلیس ناوی ئەو ڕێکخراوە و بۆچوونەکانی نەهێناوە و دیار نییە کە لە بنەڕەتدا ئەو ڕێکخراوە بوونی هەبێت یان نە. هەندێک لە میدیاکانی ژاپۆن ڕایانگەیاندووە کە ئەو ڕێکخراوەی یاماگامی ئاماژەی پێداوە، ڕێکخراوێکی مەزهەبییە.
یاماگامی چەند خولەکێک پاش تەقەی لە سەرۆک وەزیرانی پێشووی ژاپۆن لە شاری نارا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە کاتی دەستبەسەرکردنەکەش هیچ هەوڵێکی بۆ هەڵهاتن نەبووە.
پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە کە ئایا ناوبراو بە تەنیا ئەو تیرۆرەی کردووە یان کەسانی دیکەشی لە گەڵ بووە. یاماگامی بە پۆلیسی ڕاگەیاندووە کە لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە لە هاتنی ئابێ بۆ شاری نارا ئاگادار بووە.
یاماگامی دانیشتووی شاری نارایە و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە هێزەکانی بەرگری دەریایی ژاپۆن ئەندام بووە بەڵام پێش کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی هەینی بێکار بووە.
پێگەی ئاساهی ڕایگەیاندووە کە پۆلیس پشکنینی لە ماڵەکەی بکوژەکە کردووە و دەستی بە سەر بڕێک تەقەمەنیدا گرتووە. ناوبراو لە ساڵانی چەکداریی خۆی سەبارەت بە چەک و مادە تەقەمەنییەکان مەشق و ڕاهێنانی بینیوە./.