بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی ڕۆژی شەممە 9 ی تەمموزی 2022 لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بانگەشەی پلانی تەواوکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ناوچەکە لە لایەن ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و لێدوانەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەم پلانە بابەتێکی تێکدەرانەیە و کۆماری ئیسلامی ئێران بەم لێدوانانە لە ڕووی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی و ناوچەیی دەڕوانێت.
ناوبراو وتی: ئەوەی کە ئەمریکا بە بێ تێگەیشتن لە ڕاستییەکانی ناوچەکە، تەنیا بە ئامانجی دژایەتی ئێران و ناکۆکی خستنە نێوان وڵاتانی ناوچەکە، وەها بابەتێک گەڵاڵە دەکات، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە، بەرژەوەندییە نایاساییەکانی ئەو وڵاتە و پێدانی کاتە بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستی.
کەنعانی وتی: بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، ئێران بەردەوام جەختی لە سەر وتووێژ، هاوبەشی و هاوکاری ناوچەیی لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و بەرژەوەندی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە کردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەزموونەکانی ڕابردوو پیشانیداوە کە کۆکردنەوەی چەک ناتوانێت ئاسایش دابین بکات و جێگیربوونی ئاسایشی هاوبەشی ناوچەیی بەندە بە هاوکاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و پاراستن و بەردەوامبوونی، ئەمەش پێویستی بە ڕێکەوتنێکی ناوخۆیی ناوچەیی هەیە و ئێران بە پابەندبوون بە سیاسەتی دراوسێبوون، ئیرادەی جیدیی خۆیی لەم بوارەدا سەلماندووە.
ناوبراو وتی: هاتنی بێگانەکان لە هەر پرۆسەیەکی ناوچەییدا نەک تەنیا ئاسایش و سەقامگیری دابین ناکات، بەڵکوو خۆی هاوکاری ئاڵۆزی و زیاتربوونی کەلێنەکانی ناوچەکەیە، لەم ڕوانگەشەوە وەک چۆن کە بوونی دوو دەیەی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان نەبووە هۆی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتانە، ئێستاش زیاتربوونی ڕۆڵی ئەمریکا بە تایبەت لە میکانیزمە ئەمنییەکان، دەسکەوتێکی بەدەر لە ناسەقامگیری، ئاڵۆزی و پەرەسەندنی تیرۆر لە ناوچەکە نابێت./.