بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی تارانی کرد و لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وێڕای دەستخۆشی لە قەتەر بە بۆنەی میوانداری لە دانوستانی ناوەکی، وتی: لە دانوستانەکانی قەتەر جەختمان لە سەر مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران لە ڕێکەوتنی ناوەکی کردەوە و ئەوەی کە ئەمریکا دەبێت بەڵێن بدات بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران لە ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2015 مسۆگەر ببێت.
ناوبراو وتی: ئەمە بابەتێکە کە لایەنی ئەمریکی تا ئێستا دڵنیایی بە ئێمە نەداوە، جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە دانوستانمان دەوێت و لەم ڕێگایەدا جیدین.
وەزیری دەرەوەی قەتەریش جەختی لە سەر گەڕانەوەی سەرجەم لایەنەکان بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی کردەوە و وتی کە دەوحە پاڵپشتی لە وتووێژی وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ ئێران دەکات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ تاران لە کاتێکدایە کە ئەم وڵاتە میوانداریی لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی ناوەکی نێوان ئێران و لایەنەکانی دیکە کرد./.