بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بارکیندۆ ئەمڕۆ سێ شەممە 5 ی تەمموزی 2022 وتی کە پیشەسازی نەوت بە هۆی ساڵانێک پەراوێزکەوتن و نەبوونی سەرمایەگوزاری، کەوتووەتە گەمارۆ و قەیرانەوە و ئەمەش وایکردووە کە ڕێژەیەکی کەمتر بخرێتە بازاڕەوە.
ناوبراو وتی: ئەگەر موڵەتی خستنە بازاڕی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا دەربکرێت، ئەم کەمبوونە قەرەبوو دەکرێتەوە.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپێک لە میانەی بەشداریی لە کۆنفرانسێکی وزە لە پایتەختی نایجڕیا وتی: سەرەڕای کێشە و قەیرانی ئێستا، ئەگەر نەوتی ئەم دوو وڵاتە بخرێتە بازاڕەوە، دەتوانین سەرچاوەکان زیاتر بکەین و کەمکوڕیی بازاڕ چارەسەر بکەین.
ناوبراو پێشبینی ئەوەیکرد کە خواست لە سەر کڕینی نەوت لە ئاستی جیهان تا ساڵی 2045 بەرزتر ببێتەوە، لە کاتێکدا کە توانای پاڵاوتنی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەی ئابوری (OECD) لە ساڵی 2021 بە ڕێژەی لە سەدا 3.3 دابەزیوە.
بارکیندۆ وتی: شەڕی ئۆکرانیا، پەتای کۆرۆنا کە هێشتا ماوە و گوشارە ئابورییەکان لە سەرتاسەری جیهان، پێکەوە کاریگەرییان لە سەر بازاڕی کاڵای سەرەکییەکان، گرنگتر لە هەمووش، بازاڕی وزە داناوە./.