بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد مەرەندی لە چاوپێکەوتنی ئاژانسی سپۆتنیک ڕایگەیاند کە شوێنی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران دیار نییە و ڕێکەوتنی لە سەر نەکراوە و ئەمریکا و ئەورووپا بە هۆی لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و ئەو قەیرانەی لە ئۆکرانیا خوڵقاندوویانە، لە ژێر گوشاردان و پێویستان بە ڕێکەوتنە لە گەڵ ئێران.
ناوبراو کە وەک ڕاوێژکاری شاندی دانوستانکاری ئێران لە دانوستانەکانی ناوەکی ناوی دەبەن، وتی: واشنتن هەوڵی زیاترکردنی گوشارەکانی سەر تاران دەدات و هەندێک گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکییەکاندا کراوە بەڵام ناتوانین بڵێین کە دانوستانەکانی قەتەر بەرەوپێشچوونی نەبووە.
مەرەندی وتی کە قبووڵکردنی داواکاری و هەلومەرجی تاران بۆ واشنتن دژوارە و ئەگەر ئەورووپییەکان بە تەنیا خۆیان بڕیاردەر دەبوون بە دڵنیاییەوە کە ڕێکەوتن دەکرا.
ئەو شرۆڤەکارە باڵایە بە ئاماژە بە قەیرانی ئۆکرانیا وتی کە دۆخی ئۆکرانیا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئەمریکا و ئەورووپا و ئەوان پێویستیان بە ڕێکەوتنە لە گەڵ ئێران.
مەرەندی وتی: ئێران داوای جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکەوتنێک دەکات کە ڕەنگە مسۆگەر ببێت و داوای دەستەبەرکردنی دەکات و گەمارۆکان دەبێت بە شێوازێک هەڵبگیرێت کە کۆتایی بە بەربەستەکانی بەردەم هەلومەرجی ئابوری ئێران بێنێت.
وتیشی کە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە پەیوەندی بە دانوستانەکانی ناوەکییەوە نییە و هێندە گرنگیشی نییە کە لە هەندێک میدیاوە باسی دەکرێت./.