جام کوردی – نینا کەریمی نووسەر ئەم وتارەدا باس کە چەمکی زمانی ژنانە و ژنانەنووسی دەکات و ڕەهەندە جیاوازەکانی لێکدەداتەوە، لێرەدا خوێنەری بەشی دووهەم و کۆتایی بن.
فاکتەرە دووبارەبووەکان:
دووبارەبوونەوەی هەندێک لە فاکتەرەکانیش لە بەرهەمی نووسەرانی ژندا حاشا هەڵنەگرە. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە ئەم فاکتەرانەی خوارەوە بکەین:
حەزکردن بە لۆکەیشنی ناوەوە:
وەک دەڵێن لە سەردەمی ڕاودا، پیاوان بە هۆی هێزی ماسوولکەکانیەوە دەڕۆیشتن بۆ ڕاو و ژنەکانیش بە هۆی دۆخی جەستەیان، بەرپرسیاریەتیی بەدنیاهێنان وپەروەردەکردنی منداڵ و کەسانی لاوازتریان، لەو شوێنە پارێزراوانەی وا بۆ کۆبوونەوە دابین کرابوون، لە سەر ئەستۆ بووە. ئەم شێوازی ژیانە دواتر لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانییەت پەرەی سەند و بە هۆی دیسکۆرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە ژێر کاریگەریی پیاوسالاریدا، بوو بە شتێکی ئاسایی و سروشتی. دوور خستنەوەی ژنانیش بۆ کونی ژوورەکان بوو بە هۆی ئەوەی کە سەبارەت بە جیهان ئەزموونێکی تەواو جیاوازیان هەبێت. هەرچەند ژنانی کورد بەتایبەت لە ژیانی وەرزێری و ئاژەڵداریدا بەردەوام شان بە شانی پیاوان لە مەزراکاندا کاریان کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ماڵ وەکوو پەناگایەکی ئەمن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان پاراستوویانی. سەرەڕای ئەمە کابووسی دەرکردن لە ماڵ، کابووسێکی ترسناکە کە ئیتر شاربەدەری و دەرکران لە کۆمەڵگەشی بە دواوەیە. لەڕاستیدا ڕێزی ژن پەیوەندیی بە ماڵەوە و پشتگیرییەکانی بنەماڵەکەیەوە هەیە. هەموو ئەم شتانە و هەروەها شوێنی ئەو پیشانەی وا دواتر لە دەرەوەی ماڵ پێیان ڕادەسپێردرێت دەبێت بە هۆی ئەوەی کە لۆکەیشنی ناوەوە بە زۆری لە نووسینی ژنەکاندا ڕەنگ بداتەوە و کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.
لە کۆی ١٩ چیرۆکەکەی کۆمەڵەچیرۆکی ”زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”، ١١ چیرۆکیان کە بریتین لە چیرۆکەکانی ”دیوار”، ”بانگم دەکەی خانمی”، ”کەسێک تەشتێک ئاو نخوون دەکاتەوە”، ”دایە ئەو سنوورە نزیکە بۆ وا دوورە”، ”سمێڵە نەفرەتییەکانی ئاغای… ”، ”دایکم گوڵە گەنمەکان موبارەک دەکات”، ”زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە”، ”پەردە لادەدەم”، ”خۆرهەڵاتی لینگاولینگ”، ”بیست و حەوت کیلۆ باب” و ”خەڵات”، بەسەرهاتەکانیان لە لۆکەیشنی ناوەوە ڕوو دەدەن کە بریتین لە ماڵەوە و قوتابخانە و هتد.
هەروەها لە کۆی ١٠ چیرۆکی کۆمەڵەچیرۆکی ”عاشقەکەی من ژنی هەبوو”، حەوت چیرۆکیان کە بریتین لە : ”سێو بوو یان هەنار؟”، ”ڕۆئیا”، ”من هێشتاش هەر هەم”، ”سێبەر”، ”سەیران”، ”بیانوو” و ”ئەمڕۆش گوڵم بۆ بێنا”، لە کەشی ناوەوەی ماڵ، پۆلی قوتابخانە، یان ژووری نەخۆشخانەدا ڕوو دەدەن.
دووبارەکردنەوە:
دووبارەکردنەوە یەکێک لە بەرچاوترین شێوازە ڕێزمانییەکانە کە لە دەقی ژناندا بە زۆری دەبیندرێت. دووبارەکردنەوەی نازناو، ناو، کردار، ڕستە و پرسیار لەم دەقانەدا شایەنی لێقووڵبوونەوەیە. دووبارە کردنەوەی ئەم فاکتەرانە دەبێت بە هۆی زۆربوونی باری سۆزداری دەق و جەخت کردنەوە لە سەر ئەو بابەتانەی وا چییەتی و چۆنییەتییان بۆ نووسەر و کارەکتەر جێی پرسیارە. لە لایەکی دیکەوە توێژینەوەکان دەریان خستووە کە بە گشتی ژنان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا سێ هێندەی پیاوان پرسیار دەکەن.
”دایکم دەیگوت: ئاو! تۆ خەریکی دەستەکردنی ڕەیحانەکان بوویت. دایکم دەیگوت: ئاو! من سەیری تۆم دەکرد. دایکم دەیگوت: ئاو! تۆ سەیری منت نەدەکرد. دایکم ئیتر نەیگوت ئاو، شتێک وەک ئەجەل هات و دایکمی برد”. (ژنێک گیرفانی پڕ دەبێت لە بەرد، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٩٥)
”تۆم هەبوو و تۆم نەبوو، لە باوەشتدا بووم و لە باوەشتدا نەبووم. هی تۆ بووم و هی تۆ نەبووم. وەکوو دەریا چۆن ئاسمان لە باوەش دەگرێ و دەیگوشێ و لە هەمان کاتیشدا بە قەد خوا لێی دوورە و لێی دوور نییە، لێم دووری و لێم دوور نیت”. (سێو بوو یان هەنار، عاشقەکەی من ژنی هەبوو،ل ١٦)
زمانی تەوساوی و نزاكردن:
بە کار هێنانی زمانی تەوساوی بە کارکردێکی لێکدژ بە تایبەت لە ئەدەبیاتی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا، هێمایەکە لە خواستی تێگەیشتن لێیان بە بێ ئەوەیکە هەلی دروستبوونی دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ژنان و کۆمەڵگە لە ئارادا بێت. هۆکاری ڕوونەدانی ئەم پەیوەندییە ڕاستەوخۆیە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک چەمک وەکوو حەیا و ئەخلاقی ژنانە کە دەست و پێیانی بەستووەتەوە. هەروەها لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتی گەیشتن بە خواستەکانی دڵی خۆیانیان (وەکوو خۆشەویستی و تۆڵەسەندنەوە) نەبووە بەردەوام پشتیان بە هێزە نەبەدی و غەیبییەکان بەستووە و دەتوانین ڕەنگدانەوەی ئەو پشتپێبەستنە لەو ڕستانەدا ببینینەوە کە بۆ نەفرەت لێکردن یان دوعاکردن لە چیرۆکی ژناندا بەکار هاتوون.
”ڕووت سپی بێ! خوای گەورەت لێ ڕازی بێ! ڕۆڵەکەم چاکت کرد کوژاندتەوە” (دایکم گوڵە گەنمەکان موبارەک دەکات، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٧١)
”دایکم ئانیشکی لە سەر ئەژنۆی دانابوو، دەستی خستبووە سەر ئەو هەورییە ڕەشەی لە ناو چاوانی ئاڵاندبوو. بە دەم هۆڵەهۆڵی گریانەوە دەیگوت: کچە داماوەکەم. کچە جوانەمەرگەکەم. خوا حەقت بسێنێ” (بەرد دەبارێت، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ٧٧)
”دایکم دەبێتە گریانەوە: خوا بۆی نەسازنێت شێتی کردووی” (من هێشتاش هەر هەم، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل٤٧)
شاعیرانەبوون:
بەکارهێنانی زمانی شیعراوی لە بەرهەمی ژناندا زۆر زۆرترە لە ئەو بەرهەمانەی وا پیاوان نووسیویانن. چڕبوونەوە لە سەر لایەنی هەست و ئیحساس دەبێت بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیاواز و دروستبوونی پێچ و پەنای زمانیی زیاتر لە دەقدا. یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەو شێوازە نووسینە ڕۆمانی “وڵاتی هەڵووژەکان” لە نووسینی ”هێرتامۆلەر”ە. هەروەها لەو بەرهەمانەی وا لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردوون:
” من گوڵم بەبادا بوو یان تۆ کە هەوای مژینی هەناری گوشراو کەوتبووە سەرت و لەشکرێکت بۆ داگیر کردنی باخە هەنارێک خستبووە ڕێ و پێت وابوو باخی هەنار ئورشەلیمە و خۆت و سەربازە گاڵتەچییەکانت لە پشت دەرگای ژووری نووستنی مندا مۆڵ بوون؟” (سێو بوو یان هەنار، عاشقەکەی من ژنی هەبوو، ل ١٥)
” تۆش مەعدەنی بەرد بووی. ئێستا هەموو بەردەکان دەڵێی لە باخەڵمدا پێیان گرتووە و خەریکن تەق و تۆۆۆق دەمبەنە خوار، خوار، خوارتر! دایکم نەیگوتبایە ئاو، نەمدەزانی لە خەڵوەتی پەنجەرە ڕەیحان دەنێژرێت” (ژنێک گیرفانی پڕ دەبێت لە بەرد، زیگۆراتی گۆرانییەکانی ئەستێرە، ل ٩٥)
ئەنجام
لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ئەگەر دەقێک ئەم تایبەتمەندییانەی تێیدا نەبێت، دەقێکی ژنانە نییە؟ وڵامەکەمان زۆر ڕوونە. دیسانەوە دەبێت لە زاری وۆڵفەوە قسە بکەین: “بۆ هەر کەسێک کە دەنووسێت، بیرکردنەوە لە ڕەگەز شتێکی زیانبەخشە، ژنبوون یان پیاوبوون بە شێوەیەکی پەتی و رەها زۆر زیانبارە؛ دەبێت ژنانە ـ پیاوانە یان پیاوانە ـ ژنانە بین. بچووکترین جەختکردنەوە لەسەر هەر چەشنە ستەمێک بۆ ژن زیانبەخشە. نابێت ئاگاهانە وەکوو ژنێک قسە بکات چونکە هەرشتێک کە لە ڕووی دمارگرژیی ژنانەوە بنووسرێت مەحکوومە بە لەناوچوون و ناتوانێت گەشە بکات.” کەواتە تەنها تایبەتمەندی چیرۆکێکی باش، ڕاستگۆیی نووسەرە لە دەربڕین و گێڕانەوەکەیدا چونکە هەر لە ڕێگەی ئەم گێڕانەوە ڕاستگۆیانەیەوە بە بێ ئەوەی هەوڵێکی ئەوتۆی دابێت دەتوانێت سەرنجی خوێنەر بۆ ئەو شتەی وا مەبەستیەتی خەڵک گوێی لێ بگرن، ڕابکێشێت.
هەروەها ئەمڕۆ کە ئینتەرنێت هەلی ئەوەی ڕەخساندووە کە هەمووان بە شێوەیەکی یەکسان دەستیان بە سەرچاوە زانستییەکانیان بگات و هەلی پەیوەندیکردن بە هەموو کەسێک لە هەر شوێنێکی دنیای پێ بەخشیوین، گرنگترین ئەرکی هەر نووسەرێک بەبێ لەبەر چاو گرتنی ڕەگەزەکەی، پەروەردەکردنی خۆیەتی بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی ئەو حەقیقەتە. وەسوەسەی ئەزموونکردنی ژانر و شێوازە نوێیە ئەدەبییەکان بێ ئەوەی بە پێی پێکهاتەی چیرۆکەکە پێویست بێت، هەروەها سوور بوون لەسەر دەربڕینێکی ژنانە یان پیاوانە هەندێ جار دەبێت بە هۆی لەبیرکردنی ئەم ڕاستیەی کە هەر مرۆڤێک چیرۆکێکی هەیە بەپانتایی مێژووی ژیانی و ئەگەر بتوانێت ڕاستگۆیانە بیگێڕێتەوە، دەتوانێت ببێت بە دەنگی ئەو کەسانەی وا دەنگیان بە هیچ شوێنێک ناگات و لە سووچێکی ئەم دنیایەدا لە ترسی لێ تێنەگەیشتن بە تاقی تەنها هەڵدەلەرزن.
کۆتایی