بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەقیل ڕەدینی بە ئاماژە بە ئالوگۆڕی 10 ملیار دۆلار کاڵا لە نێوان عێراق و تورکیا، جەختیکردەوە کە عێراق دەبێت لەم کارە وەک گوشارێک بۆ ڕاگرتنی هێرش و دەسدرێژییەکانی تورکیا کەڵک وەربگرێت.
ناوبراو وتی کە تورکیا پەکەکەی کردووەتە بیانووی هێرش و دەسدرێژییەکانی بۆ سەر باکوری عێراق.
ڕەدینی وتی کە بەردەوامی پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا و کردنەوەی بنکە سەربازییەکان لە نێو خاکی عێراق پیشاندەری لاوازیی دیپلۆماسی ئەم وڵاتە و نەبوونی کۆنتڕۆڵی خاکی خۆیە کە پەکەکە بەکاری دێنێت، ئەمەش بووەتە بیانوویەک بۆ دەسدرێژی و پێشڕەوییەکانی تورکیا.
ئەندامەکەی هاوپەیمانی نەسر سەبارەت بەوەی کە عێراق لە بەرامبەر تورکیا چی بکات، وتی: لە ڕووی دیپلۆماسی، ئابوری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە عێراق دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت، تەنانەت کاریگەرییەکانی ئەمەش لە هەر هەنگاوێکی سەربازی زیاترە، بۆ نموونە، سەرمایەگوزاریی بەرامبەری تورکیا و عێراق لە خاکی یەکتر، یان کڕینی موڵک و خانوو لە لایەن عێراقییەکانەوە لە تورکیا، هەروەها ئاڵوگۆڕی زیاتر لە 10 ملیار دۆلاریی نێوان هەر دوو وڵات، لە ڕووی ئابورییەوە عێراق دەتوانێت گوشاری پێویست لە سەر حکومەتی ئەنکەرە دابنێت.
عەقیل ڕەدینی وتی: هەندێک جار ئەو لایەنانەی لە دەسدرێژییەکانی تورکیا توڕەن، هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا، حکومەتی عێراق دەبێت بەپەلە دەستێوەردانی هەبێت تا دۆخەکە ڕزگار بکات./.