بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کۆبوونەوەی شەوی یەک شەممە 3 ی تەمموزی 2022 لە گەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی ئەم هاوپەیمانییە لە پەرلەمانی عێراق، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەی تاوتوێ کرد.
ناوبراو جەختیکردەوە کە دەبێت پەلە لە پێکهێنانی حکومەتێک بکرێت بتوانێت خزمەتی خەڵک بکات و وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی ئەوان بێت.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق جەختی لە سەر بەردەوامی دانوستان و وتووێژی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانەکان و هەروەها لایەنە سیاسییەکانی دیکە کردەوە و وتی کە دەبێت ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی هەر دوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بەپەلە تەواو بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی هەماهەنگی چەندین لێژنە بۆ دانوستان لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان پێکهاتووە و نیشانەکانیشی لە پاش پشووەکانی جەژنی قوربان دەردەکەوێت./.