بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن کازمی قۆمی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی تاجیکستان، ئۆزبەکستان و قڕقیزستان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەفغانستان، وتی کە کێشەکانی ناوچەکە بە بێ ئەمریکا و ئامرازە تیرۆریستییەکانی چارەسەر دەبێت.
ناوبراو وتی کە سەرجەم هەوڵەکانم بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی ئەم سەردانانە بەکار دەهێنم و وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە هەوڵ دەدەن خەڵکی ئەفغانستان و ئەم وڵاتە لە پیلان و قەیرانەکانی دەستکردی ئەمریکا ڕزگار بکەن.
نێردەی تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری ئەفغانستان وتی کە بوونی ئەمریکا و پیلانگێڕییەکانی ئەم وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیا هیچ ئەنجامێکی بەدەر لە کاولکاری و ئاوارەیی بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە نەبووە، بەڵام پێدەچێت ئەمریکا هێشتا وانەی لە ڕووداوەکانی ئەفغانستان وەرنەگرتبێت.
کازمی قۆمی ڕایگەیاند کە بەڵێنەکانی ئەمریکا بە هەندێک وڵات تەنیا بۆ گەڕانەوەیە بۆ ناوچەکە و کێشە و قەیرانەکان تەنیا لە ڕێگای پێکەوەبوون و هاوکاری هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە و بە بێ پێدانی دەرفەتی دەستێوەردان بە ئەمریکا و ئامرازە تیرۆریستییەکانی چارەسەر دەبێت./.