بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سەبیحات ئەمینداری گشتی دامەزراوەی ” گردبوونەوەی نیشتمانی بۆ بنەماڵەی شەهیدانی فەڵەستین ” ڕۆژی یەک شەممە 3 ی تەمموزی 2022 لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی 2022 تا ئێستا 77 کەسی فەڵەستینی بە تایبەت 15 منداڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی شەهید کراون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرزبوونەوەی ژمارەی شەهیدان بە تایبەت منداڵان، پیشاندەری ئاست و ڕێژەی کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە، بچووکترین شەهید ” محەممەد ڕەزق شەهاد سەلاح ” ی 14 ساڵە کە لە 23 ی شوبات لە بەیت لەحم شەهید کرا و بەتەمەنترینیش ” عومەر عەبدولحەمید ئەسعەد ” ی 80 ساڵە لە 12 ی کانوونی دووەم لە نزیک ڕاموڵڵا شەهید کرا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە مانگی نیسانی ئەمساڵ بە 23 شەهید، خوێناویترین مانگی 2022 لە فەڵەستین بووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ” معطی ” لە فەڵەستین بە هەمان شێوە ئامارێکی لە کردەوە خۆڕاگرییەکانی مانگی حوزەیران بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە کەرتی خۆرئاوا و قودس لە مانگی ڕابردوو 649 کردەوەی لە دژی زایۆنیستەکان تێدا تۆمار کراوە و بەو هۆیەوە 26 زایۆنیست بریندار بوون.
ڕاشیگەیاندووە کە لەو پێکدادانی نێوان فەڵەستینییەکان و هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی 13 کەس لە شەش پارێزگای کەرتی خۆرئاوا شەهید و 620 کەسی دیکەش بریندار کراون./.