بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جیهان بە گشتی دەزانێت ئەمریکا بەرپرس و هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەیە، ئەم وڵاتە بە کشانەوەی تاکلایانە لە ڕێکەوتنی ناوەکی و سەپاندنی زیاترین گوشار و گەمارۆ بە سەر ئێراندا – کە بەردەوام پابەندی ڕێکەوتنی ناوەکییە و 15 ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیش ئەم ڕاستییەی سەلماندووە – بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە.
تا ئەم دواییە کە ئێران بە بەشداری لە دانوستانەکانی دەوحە و وتووێژی ناڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکا بە نێوەندگێڕیی ئەورووپا دەرفەتێکی دیکەی بە ڕووی دیپلۆماسیدا کردەوە و هەوڵی گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی دا تا واز لە گەمارۆ زاڵمانەکانی بێنێت، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام ئێران بە بەرپرسی ڕێکەوتنی ناوەکی دەزانن، تەنانەت زیاتر لە ڕابردوو ئێرانیان تۆمەتبار کردووە. ئەم دۆخەش وایکردووە کە بە گومانەوە لە ڕێژەی پابەندبوونی ڕۆژئاوا بە دانوستانەکان وەک ئامرازی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی خۆیان خوڵقاندوویانە، بڕواندرێت.
هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی کە ئێران بە بەرپرسیاری ئەم دۆخە بناسرێت، هەوڵێکی بێ ئەنجامە، لە بەر ئەوەی کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئەوان، جیهان هێشتا ئەوەی لەبیر نەکردووە کە ئەوە ئەمریکا بووە لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشایەوە. جیهان هێشتا ئەوەی لە بیرە کە بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی لە ساڵی 2018، ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چۆن نمایشی ڕازیکردنی گەڕانەوەی دوناڵد ترەمپیان بۆ ڕێکەوتنەکە جێبەجێ دەکرد و چیدی سزا بە سەر ئێراندا نەسەپێنێت، کەچی بە کردەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی ئەورووپی ئێرانیان بە جێ هێشت و تەنانەت لە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش بەشدارییان کرد.
لە بەرامبەردا، ئێران سەرەڕای کشانەوەی تاکلایانەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی و هاوکاریی وڵاتانی ئەورووپی لە گەڵ ئەم وڵاتە، پابەندی ڕێکەوتنی ناوەکی مایەوە و ئەگەر ئەم پابەندبوونەش نەدەبوو، ئەمڕۆ شتێک بە ناوی دانوستانەکانی دەوحە نەدەبینرا. ڕێکەوتنی ناوەکی بە هۆی هەوڵەکانی ئێرانەوە زیندووە و ئەگەر وڵاتانی ئەورووپی دادپەروەرانە لە سەر ئەم دۆخە بڕوانن، ئەوەیان دەتوانی کە بە گوشارخستنە سەر ئەمریکا، ئەم وڵاتە هان بدەن بۆ ڕێکەوتنەکە بگەڕێتەوە و واز لە گەمارۆکان بێنێت، یان لانیکەم بەرپرسیاریەتی قەیرانەکە نەخاتە ئەستۆی ئێرانەوە.
لە هەمان سەرەتاوە دیار بوو کە ئەمریکا و ئەورووپا، هەر یەک بە پێی پێگەی خۆیان، ڕۆڵێکی نادرووست سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی دەگێڕن، ئەمڕۆش لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن، ئەورووپا هەمان ڕۆڵ و نمایشی سەردەمی ترەمپی هەیە. ڕووی ڕاستەقینەی ئەورووپا تایبەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران هەر ئەمەیە و لە بەرامبەر ئەمریکا خۆیان بە تەواوی بە دەستەوە داوە. ئەو ڕووداوانەی کە لە ئۆکرانیا دەبینرێت، سەرجەم دەسکەوتەکانی ئەورووپای بە هۆی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرەو لە ناوچوون بردووە و پیشاندەری ئەوەیە کە ئەورووپا بە تەواوی بووەتە بەسراوەی ئەمریکا.
هەڵەی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە وا هەست دەکات ئەم سیاسەتە هەموو کات و لە هەموو شوێنێکدا ئەنجامی دەبێت، بەم هۆیەوە وەک بەکرێگیراوێک پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکایە. ئێران بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە لە بەرامبەر هەر هەوڵ و بڕیارێکی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی دەستەوەستان نابێت و بڕیاری گرنگ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەوان دەدات.
ئەم وانەیە دەبێت بۆ ڕۆژئاوا گرنگ بێت تا واز لەم سیاسەت و کردەوانەی خۆیان بێنن. وڵاتانی ڕۆژئاوا نابێت پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی و بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزا و گەمارۆکان لە دژی گەلی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە لە بەرچاو نەگرن. ڕۆژئاوا نابێت پشوودرێژی ئێرانییەکان تاقیبکاتەوە، بەڵکوو دەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی خۆی لە بەرامبەر ئێران کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرێت و بۆ دیپلۆماسی بگەڕێتەوە و سەرجەم گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە. دەرفەتەکانی وەک دەوحە ڕەنگە کەم ڕوو بدات./.