بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەبەرهێنان و بازرگانیی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی دراوسێ یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی پێشکەوتنی ئابوری و گەشەی کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانییە و بەم هۆیەوە عێراق ساڵانێکە هەوڵ دەدات ئەردەن لەو وڵاتانە بێت کە زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاری ئابوریی لە گەڵدا هەبێت.
شوباتی 2019. عومەر ڕەزاز سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەردەن لە گەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق لە ناوچەی سنوریی نێوان هەر دوو وڵات کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی بە ئامادەبوونی وەزیران و بەرپرسانی ئەردەنی و عێراقی بەڕێوە برد و هەر دوو لا بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هاوکارییە هاوبەشەکان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان بەغدا و ئەمان، گەیشتنە لێک تێگەیشتن.
لە ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو لاش لەو کاتەدا، دەتوانین ئاماژە بە دەرفەتی هاتنی بارهەڵگرەکان بۆ عێراق و ئەردەن بدەین، بە واتایەکی دیکە بارهەڵگرە عێراقییەکان بچنە نێو خاکی ئەردەن و بە هەمان شێوە بارهەڵگرە ئەردەنییەکانیش بێنە نێو خاکی عێراقەوە. پێشتر بە هۆی دۆخی ناوخۆیی عێراقەوە ئەم ئاڵوگۆڕە لە سەر سنورەکان دەکرا، ئەمەش وایکردبوو کە هەندێک کات زیان بە زۆربەی کاڵاکان بگات یان تێچووی زۆری بۆ هەناردەکاران هەبێت.
چالاکتربوونی بازرگانیی نێوان عێراق و ئەردەن
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، دکتۆر نائل حوسێنی بەڕێوەبەری گشتی ژووری پیشەسازی ئەردەن بە جزیرەی ڕاگەیاند کە بارهەڵگرە عێراقییەکان موڵەتی ئەوەیان هەیە بێنە ئەردەن و بە پێچەوانەشەوە بارهەڵگرەکانی ئەردەن دەتوانن بچنە نێو خاکی عێراقەوە و کاڵا و نەوت لە نێوان هەر دوو لادا ئاڵوگۆڕ بکەن.
حوسێنی وتی کە گواستنەوەی کاڵا لە نێوان هەر دوو وڵات بۆ ئەردەن زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی چالاکبوونی کەرتی گواستنەوەی وشکانی لە نێوان عێراق و ئەردەن و دابەزاندنی تێچووی گواستنەوەی کاڵا و ڕێگری لە لەناوچوونیان.
ناوبراو هەروەها ئامادەیی ئەردەنی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ عێراق دەربڕی.
عێراق دەروازەی هاوکارییە ئابورییەکان
شارەزایانی بواری پیشەسازیی عێراق لەو بڕوایەدان کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگای هاوکاری هاوبەشی عێراق، ئەردەن و میسر و هەروەها زیاتربوونی هاوکارییەکان لە گەڵ سعوودیە و ئێران دەتوانێت عێراق بکاتە دەروازەی هاوکارییە ئابورییەکان لە ناوچەکە و تەنانەت لە سەر ئاستی جیهان.
عامر جەواهیری شارەزا لە بواری پیشەسازی و وەبەرهێنان بە جزیرەی ڕاگەیاند کە هاتنی ڕاستەوخۆی بارهەڵگرەکانی عێراق و ئەردەن بۆ نێو خاکی ئەم دوو وڵاتە، تێچووی زیادەی سەر کەرتی هەناردە و هاوردە کەم دەکاتەوە و زیانەکانی تایبەت بەم بوارە لە سەر بازرگانان کەم دەکاتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەم پرسە دەبێتە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە ئەردەن و لە ئێستادا زیاتر لە 390 جۆرە کاڵای ئەردەنی بەخشینی باجی گومرکییان بۆ جێبەجێ کراوە.
گەشەی کەرتی پیشەسازی و هەناردەی عێراق
نەبیل جەبار عەلی شارەزای ئابوریش بە هەمان شێوە بە جزیرەی ڕاگەیاند کە عێراق پێویستی بە ستراتیژێکی ئابوری بە ئامانجی گەشەی کەرتی پیشەسازی و زیاترکردنی ڕێژەی هەناردەی خۆی هەیە.
ناوبراو بۆ ئەم مەبەستەش بە پێویستی زانی کە گرنگییەکی زیاتر بە پیشەسازی نەوت، گاز و پترۆکیمیا بدرێت.
ئەو شارەزا ئابورییە وتی کە پشکی پیشەسازی لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی ناپەتی عێراق زۆر کەمە، بە پێچەوانەی کەرتی نەوت کە زیاترین پشکی هەیە و ڕەنگە بگاتە نزیکەی لە سەدا 50، لە کاتێکدا ئەمساڵ پشکی کەرتی پیشەسازی ناگاتە لە سەدا 2 ی وەبەرهێنانی ناوخۆیی./.