بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرنگترین هاوپەیمانی سوننەکانی عێراق بە ناوی سیادە بە 62 ئەندامی پەرلەمانەوە کە بە بۆچوونی چەند سەرکردەیەکی سیاسیی وەک مەحمود مەشهەدانی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیا و ئیمارات لە میانەی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 پێکهاتووە، تووشی کەلێن و جیابوونەوە بووە.
لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییە سیاسییەی نێوان محەممەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، وەک دوو جەمسەری سیاسی سوننەی عێراق، لە میانەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە، تورکیا و ئیمارات ڕاستەوخۆ بۆ ئاشتبوونەوەیان هاتنە گۆڕەپانەکەوە و ئەم دوو کەسایەتییەیان بەرەو پێکهێنانی هاوپەیمانی یەکگرتووی سیادە هاندا.
هاوپەیمانییەکە لە یەکەم هەنگاودا محەممەد حەلبوسیی بۆ جاری دووەم گەیاندەوە کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئێستا تووشی کەلێن و جیابوونەوە بووە، بە ڕادەیەک کە سەرچاوە سیاسییە سوننەکانی عێراق پێشبینی ئەوەیان کردووە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە حەلبوسی وەربگیرێتەوە.
یەکێک لە گرنگترینی ئەو ئەندامانەی کە لە هاوپەیمانی سیادە جیا بووەتەوە، مەشعان جبوری سەرۆکی پارتی وەتەنە کە لەم ڕۆژانەدا بە دەگمەن جارێک دەبێت لە تویتەکانی خۆیدا دژ بە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان زانیاری بڵاو نەکاتەوە و دۆسیەی لە سەر ئاشکرا نەکات.
لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانی عەزم کە لە لایەن خەمیس خەنجەرەوە پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 پێکهێنرا و پاشان لە گەڵ هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی گەیشتنە هاوپەیمانی یەکگرتووی سیادە، زیاترین جیابوونەوەی هەبووە.
بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی عەزم پەیوەندییان بە بەرەی موسەننا سامەڕاییەوە کردووە کە لە ئێستادا هاوپەیمانی نزیکی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانە.
هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ئێستادا خەمیس خەنجەر خۆی بە تەنیا وەک تاکە ئەندامی هاوپەیمانی عەزم لە نێو هاوپەیمانی سیادە ماوەتەوە.
هاوکات، ئەبومازن جبوری پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین و سەرکردەی پارتی ” جماهیر الوطنیە ” لە ماوەی ڕابردوو بە فەرمی وازهێنانی خۆیی لە هاوپەیمانی سیادە ڕاگەیاند تا پەیوەندی بە هاوپەیمانی عەزم و بەرەی موسەننا سامەڕاییەوە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرکردە سیاسییەکانی سوننەی عێراق وەک مەحمود مەشهەدانی هەر لە پێشەوە بە چوارچێوەی هەماهەنگی وەفادار ماونەتەوە و هەمان هەڵوێستی پێشوویان لە سەر دۆخی سیاسی عێراقی پاش هەڵبژاردنەکانەوە هەیە.
مەشعان جبوری لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە محەممەد حەلبوسی لەوە نیگەرانە کە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پاش کشانەوەی سەدرییەکان کە بوونەتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، حەلبوسی لە کورسی سەرۆکایەتی بهێننە خوارەوە.
بە بۆچوونی چاودێران، کشانەوەی ڕەوتی سەدر وەک هاوپەیمانی پێشووی سیادە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پەرلەمان، بووەتە هۆکاری لاوازیی هاوپەیمانی سیادەی سوننە و یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزیی نێوماڵی سیاسی سوننە بۆ ئەم گۆڕینی هەڵوێستەی سەدر دەگەڕێتەوە.
ئەم دۆخەش کاریگەریی لە سەر پارتی دیمۆکراتی کوردستان داناوە و بە هۆی کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان هێندە هیوای بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەماوە.
پێشبینی دەکرێت جیابوونەوەی زیاتر لە هاوپەیمانی سیادەی سوننە و پەیوەندیکردنیان بە بەرەی موسەننا سامەڕاییەوە ڕوو بدات./.