بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مۆئەید عەلی شرۆڤەکاری عێراقی ڕایگەیاند کە هێرش و دەسدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و باکوری عێراق بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دەکرێت و بەردەوامیشە و حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەڵوێستێکی ڕوون و بوێرانەیان لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییەی تورکیا نییە.
ناوبراو وتی: لە نێوان تورکیا، حکومەتەکەی مستەفا کازمی و محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکان هەیە، بە شێوازێک کە حەلبوسی پەیوەندییەکی سیاسی بەهێزی لە گەڵ تورکیا هەیە و ئەردۆغانیش پاڵپشتی لە ناوبراو دەکات.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی کە دەسدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا کراوە و بەردەوامیشە.
مۆئەید عەلی وتی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵی پاڵپشتی ناوچەیی بۆ بەردەوامبوون لە پۆستەکەی دەدات.
وتیشی: لە بەرامبەر دەسدرێژییەکانی تورکیا، هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق وەک حکومەت لاوازە، تورکیا بووەتە ڕووگەی سیاسیی هەندێک لە لایەنەکانی سوننە، ئەردۆغان چاوی بڕیوەتە هەندێک ناوچەی عێراق تا بتوانێت دەست بە سەر سەرچاوەکانی وزەیدا بگرێت.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە تورکیا هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەدات، وتی: تورکیا پەکەکەی کردووەتە بیانووی هێرش و دەسدرێژییەکانی بۆ سەر باکوری عێراق.
مۆئەید عەلی وتی: تەنیا بوونی حکومەتێکی بوێر و بەهێز کە ئیرادەی پاراستنی دەسەڵات و سەروەری عێراقی هەبێت، دەتوانێت ڕوبەڕوی دەسدرێژییەکانی تورکیا ببێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی: عێراق بۆ ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا چەندین ڕێگای لە بەر دەستە، وەک کارتی ئابوری، لە بەر ئەوەی کە تورکیا پلەی یەکەمی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لە گەڵ عێراقدا هەیە.
وتیشی کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پیلانەکانی تورکیا، گرووپەکانی خۆڕاگری ئەو ئیرادەیان هەیە کە بتوانن بەرگری لە عێراق بکەن./.