بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کاتێکدا شوێنی نەفتالی بنێتی گرتووەتەوە و بووەتە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر کە تەل ئەبیب ڕوبەڕوی ناسەقامگیری و کێشە و قەیرانی زۆر بووەتەوە. لاپید دەبێت هەوڵی ئەوە بدات تا چوار مانگی دیکە کە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ڕژێمی زایۆنیستییە، چەندین دۆسیەی وەک کێشە و ململانێ سیاسییەکان لە گەڵ لایەنە نەیارەکان، لە سەروی هەمووانەوە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووتر و هەروەها دۆسیەی سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ئیدارە بکات.
تێڕوانینی سەرەتایی
- پاش چەندین مانگ کێبڕکێ لە نێوان نتانیاهۆ و لاپید، لە ئاکامدا پەرلەمان هەڵوەشایەوە و لاپید لەوەدا سەرکەوت کە کاروباری کابینە لاوازەکەی نەفتالی بنێت بۆ چوار مانگی دیکە بەڕێوە ببات.
- بەڕێوەچوونی پێنجەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ناوچە داگیرکراوەکان لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵ، پیشاندەری ئەو پەڕی لاوازیی پێکهاتەی سیاسی و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی ڕژێمی زایۆنیستییە لە سەرەتاوە تا ئێستا.
- کردنەوەی دۆسیەی دیلەکانی زایۆنیست لە وەزارەتی شەڕی ئەو ڕژێمە و نەگواستنەوەی بۆ نووسینگەی سەرۆک وەزیران پیشاندەری ئەوەیە کە لاپید چەندە نیگەرانی ئەمنیی هەیە.
- لاپید زیاترین هیوای بە سەردانەکەی جۆبایدن و هاوکاریکردنی تەل ئەبیب لە لایەن ئەمریکاوە هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاستی دۆخەکە پیشان دەدات بایدن لە هەندێک بواردا لاوازتر لەوەیە یارمەتیدەری ڕژێمی زایۆنیستی بێت.
- لاپید دەبێت لەم چوار مانگە کورتەدا پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە بەرەو پێش ببات، گرانی و هەڵئاساون کۆنتڕۆڵ بکات و لە هەمووش گرنگتر دەبێت ڕوبەڕوی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە گۆڕەپانی ڕاستەقینە و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان ببێتەوە.
خوێندنەوەی دۆخەکە
تەل ئەبیب بۆ چەندین مانگ ئاڵۆزییەکی کەم وێنەی لە نێوان بەرپرسانی حزبی و حکومیی زایۆنیستی بە خۆوە بینی، ئەو ئاڵۆزییەی کە کاراکتەرە سەرەکییەکانی نتانیاهۆ و لاپید بوون و گۆڕەپانی کێبڕکێکەشیان بردە پەرلەمانی ئەو ڕژێمە. نتانیاهۆ وەک سەرکردەی نەیارەکان، کابینەی شکستخواردووی نەفتالی بنێتی تا سنوری هەڵوەشانەوە و ڕووخان برد و هەوڵی گەیشتنەوەی بە پۆستی سەرۆک وەزیران دەدا، هیوای سەرۆک وەزیرانی پێشووتر بەوە بوو کە کابینەیەک بۆ جێگرەوەی کابینەکەی بنێت پێک بێنێت تا کار نەگاتە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان. لە بەرامبەردا، لاپید وەک هاوپەیمانی حکومەتەکەی بنێت و کەسی ژمارەی دووی، هەموو هەوڵێکی بەکار هێنا تا پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو حکومەتەی کە بڕیار بوو پەنجا پەنجا لە گەڵ بنێت ئیدارەی بکات، تا چەندین مانگ وەک خۆی بهێڵێتەوە.
لە ئاکامدا و بە پێی ڕاوێژ، هەوڵ و وتووێژی لاپید لە گەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، یاسای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان کەوتە ڕیزی چالاکییەکانەوە، ئەمەش هیوای بۆ گەڕانەوەی نتانیاهۆ بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لاوازتر کرد. چاوەڕوانییەکان کۆتایی هات و نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممە 31 ی حوزەیران میدیا زایۆنیستەکان ڕایانگەیاند کە ئەندامانی پەرلەمانی ئەو ڕژێمە دەنگیان بە هەڵوەشانەوەی داوە. نوێنەرانی زایۆنیست دەنگیان بە پرۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دا و یائیر لاپید وەک سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین هەڵبژێردرا. ئەو بڕیارە تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم کە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ڕژێمی زایۆنیستییە، کاروباری کابینەی کاربەڕێکەر بەڕێوە ببات.
لاپید دەبێت لە سەرەتای دەستبەکاربوونەوە تا داهاتوویەکی نادیار ئەم کابینە لاوازەی ڕژێمی زایۆنیستی بەڕێوە ببات کە ڕوبەڕوی گوشار و قەیرانێکی زۆر بووەتەوە. ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان لە نێوان یائیر لاپید و نەفتالی بنێت شەوانە و لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمەدا بە بێ ئامادەبوونی پەیامنێران بەڕێوەچوو. سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری تەل ئەبیب ڕۆژی دواتری (هەینی یەکی تەمموز) بە بێ هیچ ئامادەکاری و پرۆتۆکۆلێک ئیش و کارەکانی بە تاوتوێکردنی دۆسیەی دیل و بێسەروشوێنبووەکانی زایۆنیست دەستپێکرد. کۆبوونەوەی ئەمەش لە بارەگای وەزارەتی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی بەڕێوەچوو تا پیشان بدات کە ئاڵۆزی گرنگترین و سەرەکیترین نیگەرانیی سەرجەم سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییە. یەکەم وتووێژی فەرمی لاپیدیش لە گەڵ ڕۆنین بار سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی (شاباک) بوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بزوتنەوەی خۆڕاگریی فەڵەستین (حەماس) چەند ڕۆژ پێش سەرۆک وەزیرانیی لاپید بە دیارییەکی ئەمنی و دەروونییەوە چووە پێشوازیی ناوبراوەوە. حەماس بە بڵاوکرنەوەی چەندین وێنەی سەربازە دیلەکەی زایۆنیست، دۆسیەی ڕاگیراوی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی زیندوو کردەوە و بووە هۆی ئەوەی کە تەل ئەبیب بۆ ئەم دۆسیەش ڕوو لە میسر وەک نێوەندگێڕ بکات. بابەتێک کە لە یەکەم ڕۆژی سەرۆک وەزیرانی لاپیدی بەرەو وەزارەتی شەڕ برد تا ڕێگاچارەکانی لە گەڵ بەرپرسانی سەربازی بدۆزێتەوە. ئەڵبەت دۆسیەی دیلەکانی زایۆنیست تەنیا کێشەی لاپید نییە و سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی چەندین کێشەی دیکەی وەک کۆنتڕۆڵکردنی گرانی و هەڵئاوسان و کێشە ئابوری و داراییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان و هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان بووەتەوە.
پێدەچێت ترسی ئاڵۆزییەکان زیاتر لە بنێت بەرۆکی لاپید بگرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە سەرچاوە میدیاییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە تایبەت کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ئەو ڕژێمە، دوو ڕۆژ پێش پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان ڕایانگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک وەزیرانی نوێ شوێنی نیشتەجێبوونی نەباتە بارەگای فەرمی لە بالفۆر (قودسی داگیرکراو) و بینایەکی کاتی کە پێشتر شوێنی پاسەوانەکانی نتانیاهۆ بووە هەڵبژێرێت. لاپید لەم دۆخەشدا چاوەڕوانی پێشوازییە لە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا و هیوای بەوە هەیە کە بتوانێت پەیوەندییەکانی تەل ئەبیب و واشنتن بەهێزتر بکات. بایدنیش بۆ سەلماندنی پاڵپشتیی لە کابینەی ئێستای ڕژێمی زایۆنیستی، پلانی سەردانیکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی هەیە.
بەرپرسانی تەل ئەبیب و واشنتن پێکەوە باسیان لەوە کردووە کە سەردانەکەی بایدن هەڵگری ئامانج و پلانێکی ناوچەیی بۆ ئەندامێتی ڕژێمی زایۆنیستی لە هاوپەیمانییە ئەمنی و سەربازییەکان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس. زیاتر لەمەش زایۆنیستەکان هیوایان بەوە هەیە کە چاوپێکەوتنەکەی بایدن و محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بگاتە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕیاز.
زایۆنیستەکان تەنانەت پێش سەردانەکەی بایدن دەستیان بە جوڵە ئەمنییەکانی خۆیان لە پێناو چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانیان کردووە. گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ڕیاز – تەل ئەبیب بووەتە هەواڵی ئاسایی میدیا عەرەبی و عبرییەکان و جێگیرکردنی ڕادار لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە وڵاتانی ناوچەکە بە هەواڵەکانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا زیاد کراوە. ئێستا دەبێت چاوەڕوان بین و بزانین کە ئایا لاپید بە پاڵپشتیی بایدن، دەتوانێت خەونی ئاسایش و سەقامگیریی زایۆنیسم مسۆگەر بکات یان دەچێتە ڕیزی سەرۆک وەزیرانە شکستخواردووەکانی تەل ئەبیب؟
لە کۆتاییدا
سەرەڕای ئەوەی کە ئەمجارە پارتە هاوپەیمانەکان کابینەی لاوازی ڕژێمی زایۆنیستییان بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕزگار کرد بەڵام ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە بنەڕەتییەکانی تەل ئەبیب چارەسەر نییە. بەڕێوەچوونی پێنج خولی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵ، پیشاندەری ئەوپەڕی لاوازی و قەیرانە لە پێکهاتەی سیاسی و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی ڕژێمی زایۆنیستی. بە ڕای چاودێران و تەنانەت ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، هیچ چاوەڕوانییەک بۆ هەبوونی کابینەیەکی بەهێز لە لایەن ئەو ڕژێمەوە لە پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش نییە. ئێسحاو هرتزۆگ سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بە سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمەی ڕاگەیاندووە کە بەڕێوەچوونی چەندین خولی هەڵبژاردنەکان بۆ ئیسرائیل زیانی هەیە. ئیهود ئۆلمێرت سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ناوچە داگیرکراوەکان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بە دواوە نابێت.
سەبارەت بە کێشە و قەیرانەکانی ئابوری، ئەمنی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش دەبێت بوترێت کە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە، تەنیا پەیوەندی بە هەبوونی سەرۆک وەزیرانەوە نییە و زۆربەی کێشەکان لە کاتی دامەزراندنی ڕژێمی ساختە و تەزویری زایۆنیستی لە گەڵیدابوون. ناسەقامگیری و ئاڵۆزی و چالاکی گیانفیدایانەی فەڵەستینییەکان کە ئاسایشی شارۆچکە نشینەکان و هێزە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمەی لە ناو بردووە، هەموو کات بەردەوام بووە و ئێستا زیاتریش پەرەی سەندووە. سەبارەت بە پرسە ئابورییەکانیش دەبێت بوترێت کە چارەسەرکردنیان پێویستی بە کات و پلانێکی پسپۆڕانە هەیە و بە دڵنیاییە بە نمایشی سەردانەکانی بازرگانە زایۆنیستەکان بۆ وڵاتانی عەرەبی چارەسەر نابێت، ئەویش سەردانێک کە لە بنەڕەتدا ئامانجی سیاسیی هەیە. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تەل ئەبیب – ڕیاز یش بابەتێکە کە لە پێش هەموو شتێک پێویستی بە تێبینیە سیاسییەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری سعوودی هەیە./.