بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنجومەنی دڵی ئەمریکا لە نوێکردنەوەی حەوت هۆکارەکانی پاراستنی تەندرووستی دڵ، ماوەی خەوتنی لە شەو و ڕۆژدا پێ زیاد کردووە.
بەم پێیەش فاکتەری خەوتنی تەندرووست و پێویست بەم هۆکارانە، وایکردووە کە ببنە هەشت پێویستیی ژیان کە کۆنتڕۆڵی هەموویان بۆ کەڵک وەرگرتن لە تەندرووستی دڵ بە پێویست دادەنرێت.
ئەنجومەنەکە پێشتر 7 فاکتەری بەم شێوازە بۆ پاراستنی تەندرووستی دڵ هەڵبژاردبوو: 1 – ڕێجیمی خۆراکی تەندرووست، 2 – هەبوونی چالاکی جەستەیی، 3 – وازهێنان لە جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان و جۆرەکانی دیکەی دووکەڵ، 4 – کێشی گونجاو، 5 – کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی چەوری خوێن، 6 – کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی شەکرەی خوێن و 7 – کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی خوێن.
پزیشکان ڕایانگەیاندووە کە توێژینەوەکانی نوێ ئەوەی پیشان داوە ماوەی خەوتنی باش، ڕۆڵی گرنگی لە پاراستنی تەندرووستی دڵ هەیە و بەم هۆیەوە لەم هۆکارانە زیاد کراوە.
ئەنجامی توێژینەوە جیاجیاکان لە دوو دەیەی ڕابردوو پیشانیداوە کە بە شێوازی ژیانی تەندرووست و کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارە مەترسیدارەکان، دەتوانرێت ڕێگری لە سەدا 80 ی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە دڵ بکرێت./.