بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی پیشان دەدات کە ژمارەی حاڵەتەکانی نوێی توشبوون بە کۆرۆما لە جیهان لەم ماوەیە لە سەدا 18 بەرز بووەتەوە و زیاتر لە 4 ملیۆن و 100 توشبووی نوێ لە سەرتاسەری جیهان تۆمار کراوە.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە دوایین ئامار و ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆی (29 ی حوزەیران) سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆرۆنا ڕایگەیاندووە کە ژمارەی مردن بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە هاوشێوەی سێ هەفتەی ڕابردووی ماوەتەوە و نزیکەی 8500 کەسە لە جیهان، لەم هەفتەیەدا ژمارەی مردن بە کۆرۆنا لە سێ ناوچەی جیهان بەرز بووەتەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و کیشوەری ئەمریکا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتەش کە کۆتایی ڕۆژی چوارشەممە 29 ی حوزەیران بڵاوبووەتەوە، زیاترین حاڵەتەکانی توشبوونی هەفتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینراوە، ئەو شوێنەی کە ئامارەکان باس لە بەرزبوونەوەی لە سەدا 47 ی ئەم حاڵەتانە دەکەن. ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە ئەورووپا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە سەدا 32 و لە کیشوەری ئەمریکاش لە سەدا 14 بەرز بووەتەوە.
تدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە 110 وڵات بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و حاڵەتەکانی نوێش زیاتر لە جۆرەکانی OMICRON BA.4 و BA.5 بووە.
تدرۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات بەڵام کۆتایی نەهاتووە.
ناوبراو داوای لە سەرجەم وڵاتانی جیهان کرد کە ئەو کەسانە کە زیاترین مەترسی توشبوونیان لە سەرە، وەک کەسانی سەروی تەمەن 60 ساڵە و فەرمانبەرانی کەرتی تەندرووستی، بە پێدانی ڤاکسێن لە بەرامبەر ئەم نەخۆشییەدا بپارێزن.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی وتی کە بە سەدان ملیۆن کەس لە سەر ئاستی جیهان ڤاکسێنی کۆرۆنایان بەکار نەهێناوە و مەترسی توشبوون و مردنیان لە سەرە.
تدرۆس وتی: لە کاتێکدا کە زیاتر لە یەک ملیار و 200 ملیۆن ڤاکسێنی کۆرۆنا لە سەر ئاستی جیهان بەکار هاتووە، مامناوەندی ڕێژەی پاراستنی خەڵک لە وڵاتانی هەژار تەنیا لە سەدا 13 یە و ئەمەش پێمان دەڵێت کە هێشتا مەترسییەکە ماوە.
وتیشی کە وڵاتانی دەوڵەمەند تەنانەت بۆ کۆرپەلەی 6 مانگەش ڤاکسێن بەکار دێنن بەڵام لە وڵاتانی هەژار دۆخی کۆرۆنا بە هۆی نەبوونی ڤاکسێنەوە لە پەرەسەندندایە.
بە پێی ئامارەکان، کەمتر لە نیوەی ئەو 2 ملیار و 100 ملیۆن ڤاکسێنە بەڵێنی پێدانی بە وڵاتانی هەژار درابوو، لە لایەن حەوت هێزی ئابوری جیهانەوە، ڕادەستی ئەوان کراوە./.