بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان وتی کە سیاسەت و تێڕوانینی مەسقەت لە سەر کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن، پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداری سەرجەم لایەنەکانی یەمەنە.
ناوبراو بە ڕۆژنامەی میسریی ” الاهرام ” ی ڕاگەیاند کە ئاشتی لە یەمەن بڕیارێکی ستراتیژییە و لە لایەن یەمەنییەکانەوە دەردەکرێت و ناکرێت لە دەرەوە بە سەر ئەواندا بسەپێندرێت.
بوسەعیدی وتی کە پێشنیارەکەی نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن باشە و بە گشتی پەسەندنی دەکەین.
وەزیری دەرەوەی عۆمان سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتەکەشی وتی: ڕۆڵی ئێمە و کۆمەڵگای جیهانی، پاڵپشتییە لە سەرجەم لایەنەکانی یەمەن و ئەوانن کە بڕیاری سەخت و بوێرانە دەردەکەن.
بوسەعیدی جەختی لە سەر گرنگیدان بە ڕۆڵی دیپلۆماسی لە کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان کردەوە و وتی: ئەگەر ئامانجی دیپلۆماسی، دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە بێت، گرنگترین ڕێگاچارەش هەمان وتووێژە و ئێمە دەبێت پابەندی ئەمە بین.
وەزیری دەرەوەی عۆمان وتی کە ئێمە بۆ دابینکردنی ئاشتی هەوڵ دەدەین و بڕوامان بە سیاسەتی ڕێزگرتن لە دراوسێبوون هەیە.
بەدر بوسەعیدی هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە ئێش و ئازاری خەڵکی یەمەن بە هۆی ئەم شەڕەوە زۆرە و هەژمار ناکرێت، وتی کە سەرجەم لایەنەکان دەبێت بەرەو ئاشتی و دابینکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەمەن هان بدرێن.
عۆمان ڕۆڵی لە ئاگربەستی چاودێریکراوی یەمەن لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەبووە./.