بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆیل پرایس لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی Iran’s Oil Exports Surge In June» بە پێی داتاکانی کۆمپانیای شیکاریی بازرگانی نەوتی دەریایی پترۆلۆجستی ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە مانگی حوزەیرانی 2022 بەرز بووەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتەش، نەوتی هەناردەکراوی ئێران بۆ چین لە یەکەم تا 19 ی مانگی حوزەیران بە شێوازی مامناوەند بۆ 961 هەزار بەرمیل بەرز بووەتەوە.
سەرەڕای کێشەی بەردەم دانوستانەکانی ڤیەننا لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران، ئەم وڵاتە سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ گەڕانەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهانی. ئێران وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی بۆ بازاڕە سەرەکییەکەی خۆی، چین، بەرز کردووەتەوە.
چین لە کاتی دەستپێکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی پیشەسازی نەوتی ئێران لە ساڵی 2018، کاتێک کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشایەوە، سەرەکیترین ئامانجی هەناردەی نەوتی ئێران بووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئۆیل پرایس، چین لە ساڵی 2018 تا ئێستا هیچ کات هاوردەی نەوتی ئێرانی ڕانەگرتووە و تەنانەت گومرکی ئەو وڵاتە بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە مانگی ئایاریش پەکین نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.
ئۆیل پرایس: ڕووسیا شوێنی ئێرانی لە بازاڕی نەوتدا نەگرتووەتەوە
هەناردەی 961 هەزار بەرمیلیی نەوتی ئێران بۆ چین لە کاتێکدا لەم مانگە جێبەجێ کراوە کە ئەم ڕێژەیە لە سەردەمی پێش گەمارۆکان نزیکەی 700 هەزار بەرمیل بووە. بە واتایەکی دیکە، کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دۆزینەوەی بازاڕی پێویست، هەناردەی نەوتی بۆ چین زیاتر کردووە و بۆ سەردەمی پێش گەمارۆکانی گەڕاندووەتەوە.
گەیشتنی ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ چین بە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە میدیاکانی ئێران دەنگۆی شوێنگرتنەوەی بازاڕی نەوتی ئەم وڵاتەیان لە لایەن ڕووسیاوە بڵاو کردووەتەوە.
بەم دواییانەش ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانی «China May oil imports from Russia soar to a record, surpass top supplier Saudi» ڕایگەیاند کە چین هاوردەی نەوتی لە سێ وڵاتی ئێران، ڤەنزوێلا و ڕووسیا بەرز کردووەتەوە و لە بەرامبەردا هاوردەی نەوتی لە ئەفریقا، ئەمریکا و بەرازیل دابەزاندووە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتەش، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بە ڕێژەی لە سەدا 7 ی کۆی گشتی هاردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە و بۆ زیاتر لە 750 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەش بەرز بووەتەوە.
پێشتر لەوەش، ڕاپۆرتی مانگانەی ئۆپێک و ڕاپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەکانی وزەی ئەکسفۆرد ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە کە ڕووسیا شوێنی ئێرانی لە بازاڕی نەوتدا گرتبێتەوە و باسی ئەوەیان کردووە کە هەناردەی نەوتی ئێران بەراورد بە پێش شەڕی ئۆکرانیا زیادی کردووە./.