بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە چەند مانگی ڕابردوو بە سەرهەڵدانی شەڕی ئۆکرانیا گۆڕانکاری نوێ لە بازاڕی نەوتدا ڕووی داوە، نەوتی ڕووسیا پاش سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە داشکاناندی تایبەت لە نرخەکەیدا لە بازاڕی ئەورووپا ڕەوانەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کراوە.
دەنگۆی ئەوەش بڵاو بووەتەوە کە نەوتی ڕووسیا بووەتە جێگرەوەی نەوتی ئێران لە بازاڕی چین، بە پێی ئەو دەنگۆیەش بە هاتنی نەوتی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین بە شێوازی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە و گەیشتووەتە نیوە. چین ئامانجی سەرەکی هەناردەی نەوتی ئێران لە ساڵانی گەمارۆکداندا بووە.
ئەم دەنگۆیەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتی دامەزراوە بەناوبانگە بیانییەکان، ئەوە ڕەتدەکاتەوە نەوتی ئێران لە لایەن ڕووسیاوە لە بازاڕی چین شوێن کرابێتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا ئەم بابەتەی تاوتوێ کردووە و ڕایگەیاندووە کە خواستی کڕینی نەوت لە لایەن چینەوە بە هۆی قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی ڕێژەی گەشەی ئابوری ئەم وڵاتە کەم بووەتەوە بەڵام هاوردەکارانی پێشەنگ بە تایبەت پاڵاوگەی سینۆپەک و ژنهوا ئۆیل بەردەوامن لە هاوردەکردنی نەوتی هەرزانی ڕووسیا لە گەڵ نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا کە ئەمەش وایکردووە چین هاوردەی نەوت لە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و بەرازیل کەم بکاتەوە.
بە واتایەکی دیکە، ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە چینییەکان بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی هاوردەی نەوت لە ڕووسیا، ئێران و ڤەنزوێلا هەوڵی دابەزاندنی پشکی نەوتی ڕۆژئاوای ئەفریقا و بەرزایل لە بازاڕەکانی خۆیان دەدەن، بەمەش دەنگۆی شوێنگرتنەوەی نەوتی ئێران لە لایەن ڕووسیاوە لە بازاڕی چین ڕەتدەکرێتەوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەرەڕای بەردەوامیی سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێران، چین نەوتی ئێران بەکار دێنێت و لە سەدا 7 ی نەوتی هاوردەکراوی ئەم وڵاتە لە ئێرانەوەیە.
ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ئایاری ڕابردوو کۆی گشتی هاوردەی نەوتی چین 10 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2021 بە شێوازی مامناوەند 10 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.
بەم پێیەش هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین لە سەدا 7 ی هاوردەی گشتی نەوتی ئەم وڵاتە و بەرامبەر بە 756 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، ڕێژەیەک لە پێش گەمارۆکانیش لە لایەن چینییەکانەوە لە ئێران هاوردە کراوە./.