بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سادق حوسێنی سەرۆکی دەستەی حەج و زیارەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تۆفیق بن فۆزان ڕەبیعە وەزیری حەج و عەمرەی سعوودیە کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەش لە سەر چەندین تەوەری وەک زیاترکردنی پشکی حەجی ئێران، چارەسەرکردنی کێشەکانی عەمرە، بەرزبوونەوەی نرخ و تێچووەکان و ئاسایشی حاجییەکان بووە.
سەرۆکی دەستەی حەج و زیارەتی ئێران بە ئاماژە بە هەندێک کێشەی سیاسی نێوان تاران و ڕیاز و دانوستانەکانی هەر دوو وڵات لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، هیوای خواست کە دیپلۆماسیی حەج یارمەتیدەری دیپلۆماسی سیاسی بێت و ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا هەبێت.
حوسێنی ڕایگەیاند کە یەک ملیۆن و 200 هەزار ئێرانی ناویان بۆ حەج تۆمار کردووە و داواشی لە لایەنی سعوودی کرد بە زیاترکردنی پشکی ئێران، کێشە و گرفتەکانی بەردەم زیارەتکارانی ئێرانی چارەسەر بکەن.
وەزیری حەج و عەمرەی سعوودیەش ڕایگەیاند کە تەندرووستی و ئاسایشی حاجییەکانی سەرجەم وڵاتان، کاری سەرەکیی حکومەتی ڕیازە و وتی کە بە هۆی هەڵوەشانەوەی ناردنی حاجییەکان لە لایەن هەندێک وڵات و بەکارنەهێنانی تەواوی پشکی هەندێک وڵاتی دیکەوە، پرسی زیاترکردنی پشکی ئێران تاوتوێ و بە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕادەگەێندرێت.
ناوبراو سەبارەت بە زیاتربوونی تێچووەکانی حەجیش وتی کە ئەم پرسە پەیوەندی بە نرخە جیهانییەکان و بەڕێوەنەچوونی حەج بە ئاماری تەواوەوە هەیە./.