بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق لە مانگی ئایاری 2022 بڕی 4 ملیۆن و 687 هەزار تەن نەوتی هەناردەی پاڵاوگە حکومییەکانی چین کردووە کە 34 ملیۆن و 215 هەزار بەرمیل بووە.
هەناردەی ئەم بڕە نەوتەی عێراق بەراورد بە ساڵی ڕابردووی لە سەدا 4.5 و بەراورد بە مانگی نیسانی 2022 لە سەدا 14 بەرزبوونەوەی هەبووە.
لە مانگی ئایاری ڕابردوو، ڕووسیا بە هەناردەی 61 ملیۆن و 466 هەزار بەرمیل، یەکەم وڵاتی هەناردەکاری نەوتی خاو بۆ چین بووە و شوێنی سعوودیەی کە لە مانگەکانی ڕابردوو زیاترین هەناردەی بۆ چین هەبووە، گرتووەتەوە.
سعوودیە لە مانگی ئایار بە هەناردەی 57 ملیۆن و 86 هەزار بەرمیل، 7 ملیۆن و 82 هەزار تەن، پلەی دووەمی هەبووە.
ئامارەکانی گومرکی چین پیشان دەدات کە وڵاتانی ئیمارات و عۆمان لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمی هەناردەی نەوتی خاون بۆ ئەم وڵاتە.
هاوردەی نەوتی خاوی چین لە مانگی ئایار نزیکەی لە سەدا 12 زیادی کردووە و گەیشتە 10 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، لە کاتێکدا کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2021 بە شێوازی مامناوەند 10 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بووە./.