بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەیسەڵ مێقداد ئەمڕۆ پێنج شەممە 16 ی حوزەیران، وێڕای پاڵپشتی دووبارەی وڵاتەکەی بۆ ڕووسیا، وتی: ئێمە لە گەڵ دۆستانی خۆمان لە ڕووسیا کە لە پێگەی بەرگری لە ماف و دادپەروەری لە دۆنباسن، دەمێنینەوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و لە هەر بابەتێکدا دەیانەوێت سوودە سیاسی و ئابورییەکانی خۆیان بە دەست بێنن.
ناوبراو سەبارەت بە هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، وتی: ئیسرائیل هێرشێکی دڕندانەی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق، ڕووخانی سوریا بە هاوکاری وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکرێت، پارەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەدرێتە ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان، هەڵسووکەوتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ڕووسیا کە بەرگری لە ئاسایشی خۆی دەکات، دوژمنکارانەیە.
فەیسەڵ مێقداد سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش، وتی: ئەردۆغان دەیەوێت بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان کە لە ژێر پاڵپشتی ڕژێمەکەیدا گەشەیان کردووە، ناوچەیەکی ئارام و پارێزراو درووست بکات، سەرجەم وڵاتانی جیهان بەرپرسی ئەو کارەساتەن کە ڕژێمی ئەردۆغان پلانی بۆ داڕشتووە، لە بەر ئەوەی کە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو پلانەی تورکیا کارەساتی نوێی بە دواوە دەبێت./.