شوان محەممەد ڕۆستەم ئەندامی فراکستۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە ئەگەر هێزە کوردییەکان لە هەموو کات و سەردەمێکدا یەکڕیزی و یەکدەنگی خۆیان بپارێزن و خۆشبەختانە پێش کشانەوەی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکدا لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووە و تا ڕادەیەک ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو
لایەنە سەرەکییە هێور بووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەو دەستپێشخەرییەی نێچیرڤان بارزانی بوو بە هۆکاری ئەوەی کە لە داهاتوودا یەکێتی و پارتی جارێکی دیکە لە سەر پرسی سەرۆک کۆمار ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و بگەنە بڕیارێکی هاوبەش کە ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەریی لە سەر پرۆسەی سیاسی عێراق دەبێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە درێژەدا سەبارەت بە کشانەوەی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر و چۆنیەتی کاردانەوەی لایەنە کوردییەکان بە تایبەت پارتی لە سەر ئەم پرسە، وتی: کشانەوەی سەدرییەکان لە ئاکامدا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانییە سێقۆڵییەی پێی دەوترێت هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمان. بە هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانییەش پارتی دەرگای وتووێژی لە گەڵ هیچ لایەنێک داناخات و چاوەڕوان دەکرێت لە گەڵ یەکێتی تێڕوانینەکان یەک بخەن و لە هەر حکومەتێکدا کە لە عێراق پێک دەهێندرێت بەشداری بکەن.
شوان محەممەد ڕۆستەم سەبارەت بە مەترسییەکانی کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق، وتی: ئەوانەی لایەنگری موقتەدا سەدرن ئایدۆلۆژیایەکی سیاسییان نییە بەڵکوو خەڵکانێکن کە گوێڕایەڵی سەدرن و لە دوای پەیام و هەڵوێستەکانی دەکەون و ئەم جۆرە لە جەماوەر هەموو چرکەیەک ئامادەن بە یەک پەیامی سەدر بڕژێنە سەر شەقام و بارودۆخی عێراق تێکبدەن، بۆیە کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر ئەم مەترسییە درووست دەکات، لە بەرامبەردا ئەو لایەنەش کە حکومەت پێک دەهێنێت خاوەن هێز و جەماوەری تایبەتی خۆیە و مەترسی ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو لایەنە درووست ببێت و بارودۆخی عێراق تێک بچێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد