بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر یەک شەممەی ڕابردوو لە سەر فەرمانی سەید موقتەدا سەدر نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد و محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیش ئەو داواکارییەی قبووڵ کرد.
قبووڵکردنی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر هەرایەکی یاسایی لە پەرلەمانی عێراقدا ناوەتەوە، بە شێوازێک کە بە لای هەندێکەوە قبووڵکردنی ئەو داوایە لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە نایاساییە و پێویستی بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. ئەوەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەگوزەرێت ئەوەیە کە نوێنەرانی ڕەوتی سەدر نایانەوێت لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش، ئەندامانی نوێ شوێنی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر دەگرنەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم پرۆسەیە بە ئاسایی تێپەڕ دەبێت؟
پێناچێت کەشی سیاسی عێراق بەم ئاسانییە بەرەو پێش بڕوات، ئەزموون و ڕابردووی سەید موقتەدا سەدر پیشان دەدات کە ناوبراو هەر کات ئامانجەکانی بۆ مسۆگەر نەبووە، کاروانی لایەنگرانی هێناوەتە سەر شەقام و هەوڵی ئەوەی داوە لە کاتێکدا بوونی لە دەسەڵاتدا هەیە، خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن بناسێنێت.
خاڵێک کە دەبێت لێرەدا باس بکرێت، کاتی دەست لە کار کێشانەوەی نوێنەرانی ڕەوتی سەدرە. ئەوان کاتێک دەستیان لە کار کێشاوەتەوە کە پشووەکانی هاوینەی پەرلەمان دەست پێدەکات و پاشان پەرلەمان بە هۆی پشووەکانی جەژنی قوربانەوە 10 ڕۆژ دادەخرێت. پێدەچێت سەدر دەیەوێت کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرێت و لایەنگرانی بێنێتە سەر شەقام و ململانێ سیاسییەکان لە شەقامەوە دەست پێبکاتەوە. دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی سەدر لە ئێستادا دووبارەکردنەوەی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2018 ی عێراقە کە گەیشتە کۆتایی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی و دیسانەوە هەوڵ دەدات خۆی وەک سەرۆکی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بناسێنێت. لە ساڵی 2018 بەشێک لە عێراقییەکان سەدریان بە هۆکاری دۆخی نالەباری وڵاتەکەیان ناو دەبرد بەڵام ناوبراو ڕووی هێنایە خۆپێشاندان و خۆیی بە سەر ئەواندا سەپاند.
لەو کاتەوە تا ئێستا 4 ساڵ تێپەڕ بووە و کەشی عێراق گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە. لە کاتێکدا کە سەدر لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووش بە هۆی هەڵوێستە کاتی و دژ بە یەکەکانی خۆیەوە پابەندی هیچ بەڵێنێکی نەبووە، دیارترینی بەڵێنەکانیشی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییە کە تا ئەم دواییە ڕۆژانە دووپاتی دەکردەوە. ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بەشێک لە لایەنگرانی. تەنانەت لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی باوکی و پاش ئەوەی کە لە ئاپۆڕای لایەنگرانیدا تۆرا، بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خۆی ئەوەی بینی کە لایەنگرانی بۆ ئاشتکردنەوەی نەچوونە سەر شەقام و هەڵسووکەوتی سەدریان وەک سووکایەتی پێناسە کرد. بۆ ئەمەش بۆ یەکەم جار بە ناچار داوای لێبوردنی لە لایەنگرانی کرد. ئەمەش پیشان دەدات کە ڕۆڵ و کاریگەری جارانی نەماوە.
ئایا سەدر ئەمجارەش دەتوانێت جڵەوی شەقام بگرێتەوە دەست و لەو ڕێگایەوە ئیمتیاز وەربگرێت و داواکارییەکانی بە سەر لایەنەکانی دیکەدا بسەپێنێت؟ ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە دەدرێتەوە.
نووسین: سەروەت هەڵەبجەیی