بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئەمشەو یەک شەممە 12 ی حوزەیران داوای لە ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتەکەی لە پەرلەمانی عێراق کرد کە نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن. ئەو ئەندامانە پێشتر لە حەنانە نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان ئامادە و واژۆ کردبوو.
هەر ئەمشەو نامەی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکەوە ڕادەستی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرا و ناوبراویش واژۆی لە سەر کرد.
بڕیارەکەی سەدر پاش پەیوەندییەکی تەلەفوونی ناوبراو بووە لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان.
بڕیارە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ پرسی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێ بکەن.
عەلی فەتلاوی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە کە لە پاش ئەم بڕیارەی سەدر، چوارچێوە ئەرکی دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی وەک تاکە نوێنەری ماڵی شێعە لە ئەستۆ دەبێت./.