بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤیۆ فنگ وەزیری بەرگری چین پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ لۆید ئۆستن هاوتا ئەمریکییەکەی کە لە وڵاتی سەنگافۆرە بەڕێوەچوو، وتی: لەو کۆبوونەوەدا هەڵوێستی نەگۆڕی پەکین سەبارەت بە دۆسیەی تایوان جارێکی دیکە بە بەرپرسانی ئەمریکی ڕاگەێندرا.
ئەم هەڵوێستە توند و خێرایەی چین سەبارەت بە تایوان پیشاندەری توڕەبوون و کۆتایی دان بە خۆداگرتنی ئەو وڵاتەیە لە هەڵسووکەوت و دەستێوەردانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە سەر ئەم دۆسیەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوو بە ناردنی بەردەوامی شاندە سیاسی و پەرلەمانییەکانی خۆیان بۆ تایوان بە شێوازێک پاڵپشتییان لە هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆیی ئەم دوورگەیە کردووە.
بەم دواییانەش جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەردانەکەی بۆ کۆریای باشور و ژاپۆن، هەڵوێستێکی توندی لە دژی چین و پاڵپشتی بۆ تایوان هەبوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە ڕێکەوتن لە گەڵ پەکین، پرسی چینی یەکگرتووی قبووڵ کردووە بەڵام لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا ئەم وڵاتە پێچەوانەی بەڵێنەکەی هەڵسووکەوتی کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتی پەکینی بە دواوە بووە.
پێدەچێت شکستی ئەمریکا لە شەڕی بازرگانی لە گەڵ چین کە لە سەردەمی دوناڵد ترەمپەوە دەستیپێکردووە، لە گەڵ هەوڵی ژمارەیەک لە وڵاتان بۆ جێگرەوەی دۆلار بە دراوی نیشتمانیی خۆیان لە ئاڵوگۆڕە دووقۆڵییەکان تا ڕادەیەک پێگەی ئەمریکای لە سەر ئاستی جیهان دابەزاندووە. بەم هۆیەوە ئەمریکا وای دەبینێت بە سەرقاڵکردنی زیاتری چین لە کێبڕکێی سەربازیی ناوچەکە و گەمارۆدانی دەریایی لە ڕێگای هاوپەیمانییە سەربازییەکانەوە دەتوانێت ڕێگری لە بەردەوامی گەشەی ئابوری چین بکات.
ئەمەش بە واتای ئەوە دەبێت کە ئەمریکا چین بە ڕکابەری ستراتیژی و مەترسیداری خۆی دەبینێت کە بە هەر شێوازێک دەبێت ڕێگری لەم پێشکەوتنە بکرێت.
ئەمریکا لە سەردەمی دوناڵد ترەمپەوە سیاسەتێکی نوێ و دژبەرانەی لە بوارە جیاجیاکاندا بەرامبەر بە چین بە تایبەت لە بواری سەربازی و ئابورییەوە پەیرەو کردووە کە لە لایەن پەکینەوە ئەو سیاسەتە شکستی هێنا.
زیاتربوونی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ سەربەخۆیی تایوان پیشاندەری ناڕەزایەتی و توڕەبوونی واشنتنە لە پێشکەوتنە بەردەوامەکانی چین بە تایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتی. لە ئێستادا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووسیایان بە قەیرانی ئۆکرانیاوە سەرقاڵ کردووە، پێدەچێت کە سیاسەتی ئەوان هاندانی چین بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لە دژی چینە. ئەگەرچی کە چین تا ئێستا بە پشوودرێژی و دان بە خۆداگرتن و گرتنەبەری سیاسەتێکی درووست سەرجەم پیلانەکانی ڕۆژئاوای پووچەڵ کردووەتەوە بەڵام پێدەچێت پەکین ئەوەشی دەوێت بە هەڵوێست و کردەوەیەکی بەهێز ئەوە بە ئەمریکا و ئەورووپا پیشان بدات کە لە سەر دۆسیەی تایوان بە هیچ شێوازێک پاشەکشە ناکات و ئامادەیە بە هەر شێوازێک سیاسەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پووچەڵ بکاتەوە. هەرچەندە هۆشدارییەکەی چین بە ئەمریکا هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆیە بە حکومەتی دوورگەی تایوان سەبارەت بە مەترسییەکانی هەر ئاژاوەگێڕی و شوێنکەوتنی سیاسەتەکانی واشنتن./.