بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حاکم زامڵی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی باڵای ڕەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ئامادەبوونی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی ئەم وڵاتە وتی کە ئەگەر تورکیا و ئێران واز لە بڕینی پشکە ئاوی عێراق نەهێنن، ناچار دەبین کە لە پەرلەمان یاسایەک بۆ بە تاوان ناساندنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە پەسەند بکەین.
زامڵی وتی: وەک چۆن کە پەرلەمانی عێراق یاسای بە تاوان ناساندنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی پەسەند کرد، ئەگەر بڕینی ئاو بەردەوام بێت، ڕەنگە پەرلەمان ناچار بە پەسەندکردن و دەرکردنی یاسای بە تاوان ناساندنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ تورکیا و ئێران بێت.
ناوبراو لە هەمان کاتدا وتی کە تورکیا لە سەدا 80 ی پشکە ئاوی عێراقی بڕیوە و ئێرانیش بە بێ هاوکاری لە سەر دۆسیەی ئاو، ڕێڕەوی چوار ڕووباری سنوریی بەرەو ناوخۆی ئەو وڵاتە گۆڕیوە. ڕەنگە ئەم لێدوانەی زامڵی پشت بە لێدوانێکی ئەم دواییەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ببەستێت کە بە بێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، ئێرانی بە گۆڕینی ڕێڕەو و ئاراستەی ڕووبارە سنورییەکان تۆمەتبار کردبوو.
حاکم زامڵی بەڵێنی خۆپێشاندانی لە دژی ئێران و تورکیا داوە و دەستەواژەی ” هاندانی خەڵکی عێراق ” ی لە دژی هەر دوو وڵاتی دراوسێ بەکار هێناوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە قەیرانی ئاو ساز بکات.
لێدوانەکانی زامڵی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاترین کاردانەوەی بە دواوە بووە و زۆربەی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر پاڵپشتی خۆیان بۆ ناوبراو دەربڕی و تەنانەت کەمپینێکیان بۆ بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران و تورکیا خستووەتەڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، چاودێرانی سیاسی عێراق سەرسوڕمانی خۆیان لەم لێدوانانەی زامڵی دەربڕیوە و وەک هەوڵێک لە پێناو بەرنامەکانی دیکە و سیناریۆ جیاجیاکان باسیان کردووە.
قاسم سەلمان عەبودی، شرۆڤەکاری عێراقی، لە نووسینێکدا سەبارەت بە هەڕەشەکەی زامڵی لە دژی ئێران، ڕایگەیاند: حاکم زامڵی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەنگاوێکی زۆر سەیردا کە هاوشێوەی بە تاوان ناساندنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستییە، بە هۆی کەمبوونی پشکە ئاوی عێراقەوە، هەڕەشەی پچڕانی پەیوەندییەکانی لە ئێران و تورکیا کردووە.
عەبودی ڕایگەیاند: پێدەچێت ئەم ئەندامە بەئەزموونەی پەرلەمان لەوە ئاگادار نەبێت کە ئاوی دیجلە و فۆرات لە خاکی تورکیاوە سەرچاوە دەگرێت و تەنیا لە وەرزی زستاندا لقێکی لە ئێران دەکەوێتەڕێ کە تەنیا لە سەدا 7 ی کۆی گشتی ئەو ئاوانە لە خۆ دەگرێت دێنە ناو خاکی عێراقەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و تورکیا لە گەڵ عێراق زیاترە لە 30 ملیار دۆلار، زامڵی بە چ مافێک هەڕەشەی بایکۆت و گەمارۆدان دەکات.
عەبودی وتی: هەڕەشەکەی زامڵی دەبوایە زیاتر لە سەر تورکیا بێت کە خاکی عێراقی بە بیانووی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە داگیر کردووە. ڕێگایەکی دیکە لە کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوەیە کە بە لێک تێگەیشتن، نەبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەڵ تورکیا و هەڕەشە لە دژی ئەو وڵاتە بە هۆی هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە و بێبەشکردنی تورکیا لە داهاتەکەیی بە دواوە بێت، بەڵام هەڕەشەی سەر ئێران کە بەشێک لە کارەبا و گازی پێویستی عێراق بە پارەی قیست و ئاسانکاری لە بواری وزەدا دابین دەکات، پیشاندەری پیلانێکی نهێنییە لە دژی ئەو وڵاتەی کە لە شەڕی دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکان لە خاکی عێراق لە کاتی ڕووخانی دەسەڵاتی سەدامەوە تا ئێستا پاڵپشتی ئەم وڵاتە دەکات.
قاسم سەلمان عەبودی ڕوونیکردەوە: لەو بڕوایەداین کە هەندێک لایەن ڕقیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و ئەمەش هەندێک کات بە ئاشکرا و بە نهێنی خۆی دەخاتەڕوو، ئەم لێدوانانەش ئێمە بەرەو دەستێوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە داڕشتنی سیاسەتی هەندێک لایەن ڕێنمایی دەکات، ئەو سیاسەتەی کە لە ئێستادا لە لایەن هەندێک ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە پەیرەو دەکرێت. هەروەها دەبێت ئاماژە بە دۆخی دانوستانەکانی ڤیەننا و بڕیارەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە دژی ئێران بدەین و ڕەنگە لێدوانەکانی زامڵی لەم قۆناغەدا بە فەرمانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ گەیاندنی پەیامێکی ناوچەیی بە ئێران بێت.
لە درێژەدا بۆچوونی چەند چاودێرێکی سیاسی دیکەی عێراق هاتووە:
عەقیل تایی: جێی سەرسوڕمانە کە سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران واتە وڵاتێک کە بەردەوام هەڵوێستێکی بەشەرەفی لە پاڵپشتیکردنی سەربازی و … گەلی عێراق هەبووە، بەم شێوازە لێدوانێکی نابەرپرسانە بڵاو ببێتەوە.
هەیسەم خزعەلی: دەتوانین کێشەی ئاو بە کردنەوەی ڕێڕەوێک لە فاو بەرەو نەجەف و دامەزراندنی وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو چارەسەر بکەین و لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەمەش پەرە بە کەرتی کشتووکاڵ بدرێت.
زاهیر عەقیلی: لێدوانەکانی زامڵی هیچ لۆژیکێکی نییە و پیشاندەری ڕق و کینە، ئەو نە شارەزایە و نە پسپۆڕی بواری ئاو. پرسیارێک، ڕێژەی ئەو ئاوانەی لە ئێرانەوە دێتە عێراق بەراورد بەوەی تورکیا چەندە؟
محەممەد یاسری: تورکیا ساڵانێکە باکوری عێراق بۆردومان دەکات و ئاوەکەی ڕاگرتووە، بۆ ئەم هەڵوێستەی دژ بە ئێران بەرامبەر بە تورکیاش نابینین؟
محەممەد فەخری: کاریگەری ئەو ئاوانەی لە ئێرانەوە دێتە عێراق و هەروەها ڕووبارەکانی، زۆر کەمە.
سەلام ڕۆبەیعی: پرسی بە تاوان ناساندن لە دژی ئێران ئاسان نییە و مەترسیی هەیە، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەوانەی کە هەزاران کردەوەی خۆکوژییان کرد و خەڵکی عێراقیان سەربڕی، بە تاوانبار نەناسی. (ئاماژە بەو وڵاتانەی کە پاڵپشتییان لە تیرۆریزمی تەکفیری لە عێراق کردووە).
ئیبراهیم سراج: هۆکاری لێدوانەکانی زامڵی ئاشکرایە، ئەم لێدوانانەی ناوبراو پیشاندەری شکستی حکومەتە لە ڕوبەڕوبونەوە لە گەڵ زۆربەی قەیرانەکان و قەیرانی ئاویش قەیرانێکی نوێ نییە بەڵکوو لە ماوەیەکی زۆردا بەم ئاستەی ئێستا گەیشتووە.
کازم جابر: زامڵی چاوی بە ڕووی سەرجەم چاکە و هاوکارییەکانی ئێراندا داخستووە و ئێرانی بە بڕینی ئاوی عێراق تۆمەتبار کردووە، لە کاتێکدا کە خۆیشی کێشەی کەم ئاوی و وشکبوونی ڕووبارەکانی هەیە.
جومعە عەتوانی: پچڕانی گازی هاوردەکراو لە ئێران کێشەی جیدی بۆ وێستگەکانی کارەبای ئێمە درووست دەکات، چ بگاتە ئەوەی کە ئێران بیەوێت ڕێگری لە هەناردەی کاڵا بۆ عێراق بە تەواوی بگرێت.
ماجد شوەیلی: لێدوانەکانی زامڵی پیشاندەری بێ ئاگاییە لە سەر بنەماکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی کە پێویستی بە گەڵاڵەکردنی لە دادگای نێودەوڵەتی هەیە، ئەڵبەت ئەگەر دەسدرێژی سەربازی یان تاڵانکردنی سەروەت و سامانەکەی ڕووی دابێت.
مەحمود هاشمی بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژییەکان: بەکارهێنانی دەستەواژەی بە تاوان ناساندنی هاوکاری لە گەڵ ئێران شیاوی ئەم وڵاتە نییە، ئەگەر ئەزموونی سیاسیی چالاک و سەرکردە عاقڵمەند و بوێرەکانی عێراق دەبوو، تورکیا خاکەکەیی بە مافی خۆی نەدەزانی و ئاوی بە ڕووی ئەم وڵاتەدا ڕانەدەگرت.
کەسێکیش بە ناوی Hussen AL – Darraji بە هاشتاگی حاکم زامڵی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە: بەڕێز زامڵی! یەکسەر خەڵکی عێراق بەرەو کوشتن ببەن، لە بەر ئەوەی کە ڕۆژێک نرخی دۆلار بەرز دەکەنەوە، ڕۆژێک گیرفانی خەڵک خاڵی دەکەن و یەک ڕۆژ دەتانەوێت هاوردە لەم دوو وڵاتە دراوسێیە ڕابگرن، ئەو کات خەڵک دەبێت چی بخۆن؟
کەسێکی دیکە بە ناوی سەجاد خەفاجی بەرامبەر بە حاکم زامڵی ڕایگەیاندووە: تۆ کە پۆستێکی باڵات هەیە و زۆرینەی پەرلەمانیت هەیە، داوا لە خەڵک نەکەی کە بایکۆتی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران و تورکیا بکەن، ئەرکی تۆ، دەرکردنی یاسای ڕێگری لە هاوردەیە و بەدەر لەمەش، بە واتای هەڵوێستی لاوازە و بایەخێکی نییە.
کەسێکی دیکە بە ناوی سەعید مەتروحی کە خۆیی وەک چالاکی میدیایی ناساندووە، ڕایگەیاندووە: بەڕێز زامڵی، ئەگەر لە ڕاستیدا دەتانەوێت کاڵای ئێرانی بایکۆت بکەن، دەتوانن کۆنتڕۆڵی بەرزبوونەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان لە عێراق بکەن؟
مەتروحی ڕایگەیاندووە کە هەڕەشەکانی زامڵی تەنیا زیان بە خەڵکی هەژاری عێراق دەگەێنێت.
شیاوی ئاماژەیە کە باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، مانگی ڕەمەزانی ڕابردوو، بە کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی عێراقی ڕاگەیاند کە لە سەدا 93 ی کێشەی ئاوی ئەم وڵاتە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە بەڵام ئەو لە سەدا 93 باس ناکرێت و تەنیا باس لە سەدا 7 ی کێشەکە دەکرێت.
ئیرەج مەسجدی وتی کە ئێران ئاوی عێراقی ڕانەگرتووە بەڵکوو کێشەی ڕووبارە سنورییەکان بۆ کەم ئاوی و دابەزینی ڕێژەی بارین و وشکەساڵی لە هەندێک لە ڕووبارەکان دەگەڕێتەوە.
عێراق لە چەند مانگی ڕابردوو بە چەندین جار کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە کێشەی ئاودا تۆمەتبار کردووە، بە بۆچوونی چاودێران، بەرپرسانی عێراقی لە جێی باسکردنی ڕاستییەکان بۆ خەڵکی خۆیان، لەم دۆسیەیە بە ئامانجی سیاسی بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆیان لە دۆسیەی ئاودا کەڵک وەردەگرن./.