بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆرج قەرداحی وەزیری پێشووی ڕاگەیاندنی لوبنان، دیسانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرای ناوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە کاتی قەیرانەکاندا هاوکاریی لوبنانیان نەکردووە.
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تویتەر، ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردووەتەوە کە پەیوەندی بە چاوپێکەوتنێکی دوو هەفتەی ڕابردووی قەرداحی لە گەڵ کەناڵێکی عێراقییەوە هەیە و باسی قەیرانەکەی پاش لێدوانەکەیی کردووە و ڕایگەیاندووە کە برایانی ئێمە لە وڵاتانی کەنداوی فارس دەڵێن ئێمە لوبنان بە جێ دێڵین، ئەوان زۆر دەمێکە لوبنانیان بە جێهێشتووە.
قەرداحی وتی: لوبنان لە سەرجەم قەیرانەکانی، هێندەی دڵۆپە ئاوێک هاوکاری و یارمەتیی لە کەس وەرنەگرتووە، ئێمە لە دە ساڵی ڕابردووەوە تووشی قەیرانی دارایی و سووتەمەنین بەڵام کەس ئاوڕی لێمان نەداوەتەوە.
ئەو وەزیرەی پێشووی کابینەی لوبنان وتی: هیچ کەسێک تەنانەت تەنکەرێک بەنزین یان مازۆتی بۆ ئێمە نەناردووە تا خەڵکمان دڵخۆش بێت، تەنانەت هاوپەیمانەکانیش.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری فارس بۆ کشانەوە لە لوبنان دەرفەتێکیان دەویست و لێدوانەکانی منیش ئەو دەرفەتەی بەوان دا.
قەرداحی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هاوپەیمانی سعوودیە دەسدرێژیی کردووەتە سەر یەمەن و حوسییەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بەرگری دەکەن./.