بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕەزا غائبی وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی بڕیارەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کە بە ئامانجی سیاسی و لە لایەن هەندێک وڵاتی دوژمنەوە کراوە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستەڕوو.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێران لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو زیاترین چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیی هەبووە، وتی کە ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە ئێران تەنیا لە سەدا 3 ی دامەزراوەی ناوەکی ژێر چاودێری ئاژانسی لە جیهاندا هەیە.
غائبی وتی کە ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتەکەی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیدا هاتووە، زانیاری هەڵە و نادرووستی ڕژێمی زایۆنیستییە.
سەرپەرشتیاری نوێنەرایەتی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، وتی: ئاستی ئێستای هاوکارییەکانی ئێران و ئاژانس زۆر باشە و دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بەردەوامە و ئەوەش لە ئەستۆی ئاژانس و ئەنجومەنی بڕیاردەرانە کە پارێزەری لەم هاوکارییە و چارەنووسی ڕێکەوتنی ناوەکی بکەن.
وتیشی کە ئەم بڕیارە نە ئێران بەرەو زیاترکردنی ئاستی هاوکارییەکانی ئێستای لە گەڵ ئاژانس دەبات و نە لە بنەما سەرەکییەکانیشی پاشەکشە دەکات، بەڵکوو هەڵوێستی پێویستی لە سەری دەبێت و لێکەوتەکانی ئەمەش لە ئەستۆی ئەوانەیە ڕەشنووسی بڕیارەکەیان پێشکەش بە ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانس کردووە.
غائبی وتی کە ئێران بە مافی خۆیی دەزانێت لە سیاسەت و تێڕوانینی بەرامبەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی پێداچوونەوە بکات./.