بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرووپی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانی خۆراک و وزەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە دۆخی ئۆکرانیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو، کاریگەریی لە سەر یەک ملیار و 600 ملیۆن کەس داناوە.
لە بەیاننامەیەکی ئەو دامەزراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە پاش سێ مانگ لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا، جیهان ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە کە کاریگەریی لە سەر ژیان و دارایی یەک ملیار و 600 ملیۆن کەس لە جیهان داناوە.
سندۆقی نێودەوڵەتی دراویش ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند کە بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخەکان، قەیرانی ئابوری و مرۆڤیی لە یەمەن زیاتر کردووە و یەک لە سەر سێی خەڵکی ئەم وڵاتە بە هۆی بەرزبوونەوەی جیهانیی نرخەکانەوە ئاسایشی خۆراکیان نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە جێگری وەزیری دارایی لە بەشی پلاندانان و ئاماری یەمەن ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی تاوانباری سعوودی – ئیماراتی بە شەڕی دژ بە یەمەن، تەنیا لە بواری وەبەرهێنانی ناپەتی ناوخۆیی، 160 ملیار دۆلار زیانی بەم وڵاتە گەیاندووە./.