بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر، ڕۆژی دووشەممە، لە گەڵ ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووە.
وەزیری دەرەوەی قەتەر پاش ئەو کۆبوونەوە بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە وڵاتەکەی درێژە بە هەوڵەکانی لە پێناو دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی واشنتن و تاران بۆ سەر مێزی دانوستانەکانی ڤیەننا دەدات.
ناوبراو وتی کە لە کۆبوونەوەم لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەندین تەوەرێکی وەک ئێران، ئەفغانستان، فەڵەستین و قەیرانی وزە و خۆراکی جیهان تاوتوێ کراوە.
ئالی سانی وتی کە دانوستانەکانی ڤیەننا شکستی نەهێناوە و پەیوەندییەکانی قەتەر لە گەڵ ئێران بڕیار نییە ببێتە جێگرەوەی ئەو دانوستانانە، بەڵکوو تەنیا هۆکاری یارمەتیدانی دەبێت.
وتیشی کە قەتەر ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بە بەردی بناغەی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەانێت./.