خەلیل ئیبراهیم لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هیچ گرفتێک بۆ هەرێمی کوردستان درووست ناکات، ئەگەرچی ڕەنگە هەندێک کەس و لایەن ئەو یاسایە جێبەجێ نەکەن بەڵام ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هیچ کات لە جێبەجێکردنی ناترسین.
ناوبراو وتی: بڕیاری قەدەغەبوونی پەیوەندییەکانی عێراق لە گەڵ ئیسرائیل، بڕیارێکی گشتییە و لە یاساکەدا ئاماژەی پێدراوە کە لە سەرتاسەری عێراق دەبێت جێبەجێ بکرێت و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە ناترسێت و پێدەچێت هەرێم زیاتر پێویستی بەو یاسایە هەبێت لە بەر ئەوەی کە بەردەوام بە بوونی پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە.
بەرپرسی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە درێژەدا وتی: هەندێک جار یاساکان خەراپ بە کار دێن، هەر بۆیە پێویستە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان بە ژیرانە بە شێوەیەکی ورد مامەڵە لە گەڵ یاساکەدا بکەین و دەبێت ڕێگا نەدەین یاساکە بە خەراپ لە دژمان بە کار بهێندرێت.
خەلیل ئیبراهیم وتی: گرنگی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بۆ عێراق ئەوەیە کە دەسەلمێنێت ئەم وڵاتە سیاسەتێکی دەرەوەی تایبەت بە خۆیی هەیە و نابێت عێراق و هەرێم هیچ ترسێکیان لە جێبەجێکردنی هەبێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد