بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی عبری زمانی مەعاریۆ، یەک شەممە 5 ی حوزەیرانی 2022، ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە پێی خەمڵاندنەکانی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە حزبوڵڵای لوبنان 100 هەزار مووشەکی جۆربەجۆری هەیە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو ڕۆژنامەدا هاتووە کە ژمارەی مووشەکەکانی حزبوڵڵا لە کاتی شەڕی دووەمی دژ بە لوبنان لە ساڵی 2006 بە شێوازی بەرچاو زیادی کردووە و مەترسیی لە سەر بەرەی ناوخۆیی ئیسرائیل داناوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتە و بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی Missile Threat هاتووە کە زۆربەی مووشەکەکانی حزبوڵڵا لە جۆری کاتیۆشان کە کڵاوەی جەنگیی 20 کیلۆییان هەیە و توانای بڕینی 40 کیلۆمەتریان هەیە.
ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵا مووشەکی فەجری هەیە، جۆری سێهەمی ئەم مووشەکە توانای بڕینی 43 کیلۆمەتری هەیە و کێشی کڵاوەی جەنگییەکەی دەگاتە 45 کیلۆ. حزبوڵڵا مووشەکی پێشکەوتووی فەجری 5 ی هەیە کە 75 کیلۆمەتر دەبڕێت و کڵاوەی جەنگییەکەی 90 کیلۆ کێشی هەیە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە مووشەکەکانی ڕائید 2 و 3 کە جۆری ئێرانیی مووشەکی ڕووسی FROG –V یە، لای حزبوڵڵا هەیە و ئەم مووشەکە دەتوانێت قووڵایی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
ڕۆژنامەی مەعاریۆ ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵا مووشەکی فاتیح 110 شی هەیە کە مووشەکێکی بالستی کورت مەودایە و 250 تا 300 کیلۆمەتر دەبڕێت و کڵاوەی جەنگییەکەشی 500 کیلۆ دەبێت.
بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام لە سەر توانای مووشەکیی حزبوڵڵا هۆشدارییان داوە. ئوری گۆردین فەرماندەی بەرەی ناوخۆیی ئەم ڕژێمە ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکاری و شەڕێکی داهاتوو، دەبێت چاوەڕوانی هاتنی ڕۆژانە دوو هەزار مووشەکی حزبوڵڵا بین./.